راهێنەری ڤایادۆلید: یاریزانەکانی ئێمە جووتیارنین


رووداو - هەولێر

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا توڕەیی خۆی بەرامبەر خراپی چیمەنی یاریگەی نیوڤۆ خۆسێ زۆرێلای یانەی ڤایادۆلید پێشاندا.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤایادۆلید، سەرەرای بردنەوەیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر ڤالڤێردی گوتی، چیمەنی یاریگەکە زۆر سەیر بوو، بەڕاستی یارییەکەی بۆ ئێمە زۆر قورس کردبوو، هەروەها بەو هۆیەوە لە پێکانی یاریزانەکان دەترساین، چەندینجاریش رووبەڕووی کێشە بووینەوە و ڤایادۆلید دەیەویست ئێمە رابگرێت.



لەلایەن خۆیەوە سێرجیۆ گۆنزالێس، راهێنەری یانەی ڤایادۆلید دڵخۆشی خۆی بەرامبەر ئاستی یانەکەی لە یارییەکەدا پێشاندا، سەرەرای دۆڕانیان لە یارییەکەدا.

راهێنەری یانەکە گوتی، ئێمە لە نیو کاژێری یەکەمدا زۆر باش یارییمان کرد، مەترسیمان خستە سەر رکابەرەکەمان و بەرگریمان لەتوانای خۆمان کرد، یارییەکی زۆرباشمان ئەنجامدا، ئێمە شایستەی ئەوەبووین خاڵێک بەدەستبهێنین.

دەربارەی پرسیارێک کە لەسەر چیمەنی یاریگە لە راهێنەرەکە کرا گۆنزالێس گوتی، بارسێلۆنا گلەیی لە چیمەنی یاریگە هەبوو، بەڵام یاریزانەکانی ئێمەش یاریزانی تۆپی پێن نەک جووتیار.

راهێنەری ڤایادۆلید زیاتر گوتی، هیچ کەسێک نایەوێت چیمەنی یاریگە خراپ بێت، یانەکەشمان دەیەوێت لە باشترین بارودۆخدا یاریی بکات.