پێش ئۆڵۆمپیاد دزی لە ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی جیهان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند کاژێرێکی کەم بەر لە دەستپێکردنی ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس، دزی لە زیکۆ، ئەستێرەی بەنێوبانگی بەرازیلی دەکرێت.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی لو پاریسیانی فەرەنسی، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە روویداوە، کاتێک زیکۆ لەو هۆتێلە چووەتە دەرەوە کە لە پاریس تێیدا دەمێنێتەوە.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "کاتێک زیکۆ دەیەوێت جانتاکەی دابنێتە نێو تاکسییەک بۆ ئەوەی لە هۆتێل بچێتە دەرەوە، کەسێک پەیوەندیی بە شۆفێری تاکسییەوە دەکات و هەردوولا سەرنجی زیکۆ لەسەر کارەکانی لادەبەن و لەو کاتەدا کەسێکی دیکە دەچێت جانتایەکەی دەدزێت."
 
پاریسیان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە جانتایەکەدا کاتژمێرێکی رولێکس، چەند پارچەیەک ئەڵماس و پارەی کاش کە 2 هەزار دۆلار و 2 هەزار یۆرۆ بووە لەنێو جانتاکەدا بووە."
 
رۆژنامەی ئێل دو فرانس دەڵێت "کۆی گشتی ئەو پارەیەی لە زیکۆ دزراوە دەگاتە 500 هەزار یۆرۆ و دەستەی بەدواداچوونی تاوان لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە."
 
زیکۆ، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل بە پێلێی سپی ناوبانگی دەرکردووە، ئەو یەکێکە لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی بەرازیل، باشترین کاتەکانی یارییکردنی ئەو لەنێوان 1971 بۆ 1983 لە یانەی فلامینگۆ بووە و 370 گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکردووە.