پارێزگاری بەسرە: هەرێمی کوردستان لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکانی یاریی هەولێر و مینا پێکهێناوە

هێمن بابان رەحیم
رووداو 
 
بەهۆی ئەو گرژییانەی لە یاریی نێوان یانەی هەولێر و مینا، لە خولی لاوانی عێراق، لە رۆژی 13ـی ئەم مانگە روویان دا، پارێزگاری بەسرە پەیوەندیی بە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە کردووە. وەزیریش پێیڕاگەیاندووە لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 25-07-2024 ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "پەیوەندییم بە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە کرد، جەختی لەوە کردەوە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی هێرشەکردنە سەر یاریزانانی مینا و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون پێکهێناوە".
 
روونیشیکردووەتەوە کە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە حکومەتی خۆجێی بەسرە رادەگەیێنن.
 
رۆژی 13ـی ئەم مانگە تیپی لاوانی هەردوو یانەی هەولێر و مینا، لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری یارییان هەبوو، گرژی دروست بوو، لە هەندێک لە میدیاکان بەشێک لە یاریزانانی یانەی مینا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لێیاندراوە و بریندارکراون.
 
دواتر رۆژی دووشەممەی رابردوو، لیژنەی بەرزەفتی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کۆبووەوە. لیژنەکە دەڵێت دوای دەرکردنی کەڕار جەعفەری یاریزانی مینا لەلایەن ناوبژیوانەوە، محەممەد عەبدولحوسێن، راهێنەری یانەی مینا چووەتە نێو یاریگە و قسە و دەستەواژەی ناشیرین و دوور لە رەوشتی وەرزشی بەرامبەر بە ناوبژیوان بەکارهێناوە و لەلایەن نێوبژیوانەوە بە کارتی سوور دەرکراوە، بەڵام ئامادەنەبووە یاریگە جێبهێڵیت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سەر شوێنی دانیشتنی جەماوەر دوورخراوەتەوە.
 
دەشڵێت "دوای تەواوبوونی یارییەکە و لەکاتی دەرچوونی هەردوو تیپەکە، بەشێک لە هاندەرانی یانەی هەولێر دەبەی ئاویان لە یاریزانانی مینا گرتووە و هێزەکانی ئاسایش زوو چارەسەری دۆخەکەیان کردووە.
 
لیژنەکە بڕیاری دا، راهێنەری یانەی مینا بۆ سێ یاری سڕبکات و بۆی نییە لەگەڵ تیپەکەیدا بێت.