ڤیدیۆ؛ بەرازیل، ئەمریکا و فەرەنسا بردنەوەیان تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی تۆپی پێی خانمان لە ئۆڵۆمپیاددا بەرامبەر خانمانی نەیجیریا یارییکرد.
 
لە خولەکی 35 بەرازیل گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان رێگەی نەدا مارتا بچێتە نێو مێژوویەکی نوێی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد و گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
دوای دوو خولەک بە ئاسیستێکی جوانی مارتا، گابی نونیز گۆڵێکی دیکەی بۆ سامبا تۆمارکرد.
 
بەرازیل یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بە سێ خاڵەوە چووە نێو رکابەرییەکانی ئۆڵۆمپیاد.
 
هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریکا و خاوەنی چوار میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیاد بەرامبەر زامبیا یارییکرد، دوای 17 خولەک یارییکردن ترێنتی رۆدمان بەشێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 24 مالۆری پوف گۆڵێکی دیکەی بۆ ئەمریکا تۆمارکرد.
 
دوای یەک خولەک لەو گۆڵە هەمان یاریزان، گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئەمریکای لە یارییەکەدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی یاریی گۆڵپارێزی زامبیا کرد.
 
ئەمریکا یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و یەکەم سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی بەهێز و پڕ رکابەریدا فەرەنسای میوانداری ئۆڵۆمپیاد بەرامبەر کۆڵۆمبیا یارییکرد، دوای 6 خولەک یارییکردن ماری ئانتوانێت گۆڵی پێشکەوتنی بۆ فەرەنسا تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 18 کانزا دالی فەرەنسی بەلێدانێکی بەهێز کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم ئانتوانێت گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی فەرەنسای تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بۆ فەرەنسییەکان بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا کۆڵۆمبیا ئاستێکی بەرزی پیشکێشکرد، لە خولەکی 54 کاتالینا ئوسمی بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
لە خولەکی 63 مانوێلا پاڤی گۆڵی دووەمی بۆ کافێتێرۆس تۆمارکرد، هێشتا لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە نزیکبوون، بەڵام فەرەنسا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە.