ڤیدیۆ؛ دوای 100 ساڵ پاریس جارێکی دیکە ئۆڵۆمپیاد لە ئامێز دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای سەد ساڵی رێک، جارێکی دیکە مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد بەسەر شەقامەکانی پاریسدا دەسووڕێتەوە و هەمووان بۆ بۆنەیەکی گەورەی وەرزشی لە هاوینی ئەمساڵدا بانگهێشت دەکات.
 
پاریس، شار و مێژووی گەورە و ناوازە، شانزلیزێ و تاوەری ئیفڵ و رووباری سین، تێکەڵ بە هەموو وەرزشە جیاوازەکان دەبێت، تاوەکو لە دوای سەدەیەک رووداوە گەورەکە لە ئامێز بگرێتەوە. 
 
سەدەیەک لەمەوپێش پاریس هاوشێوەی ئێستا، بەبەرگی جوانی خۆیەوە، پێشوازیی لە وەرزشوانانی جیهان کرد، ئێستا هەمان رووداو لە پاریسێکی نوێ و جوانتردا دووبارە دەبێتەوە.
 
مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد لە یۆنانەوە بەڕێکەوت و گەشتی خۆی بەناوچە جیاوازەکانی فەرەنسادا ئەنجامدا، گەیشتە پاریس و زەنگی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵی لێدا.
 
ئۆڵۆمپیادی پاریس، یەکەم ئۆڵۆمپیاد دەبێت لە مێژوودا، هاوسەنگیی نێوان نێر و مێ تێیدا بێوێنە دەبێت.. بۆنە وەرزشییەکە، هاوشێوەی یەکسانییخوازیی پاریس، لە کۆی 10500وەرزشوان، 5250 وەرزشوانی کچ بەرامبەر هەمان ژمارەی وەرزشوانانی کوڕ لە ئامێز دەگرێت.
 
پاریس یەکەم شاربوو لە مێژوودا لە دوای ئەسینای دایکی ئۆڵۆمپیادەوە، ئەو رووداوە گەورە وەرزشییەی لە ئامێز گرتبێت، ئەمجارە بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا ئامێز بۆ هەوڵ و خۆماندووکردنی وەرزشوانان دەکاتەوە، تاوەکو لەسەر خاکی ئەو بگەنە میدالیا جیاوازەکان.
 
لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی 2024دا بۆ یەکەمجار وەرزشێکی نوێ دەخرێتە نێو یارییە ئۆڵیمپییەکانەوە، ئەو وەرزشەش بە برێکینگ دانس ناسراوە.
 
برێکینگ دانس لە کۆتایی حەفتاکانەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەریهەڵداوە، دوای ئەوەی لە ئۆڵۆمپیادی لاوانی بۆینس ئایرسی 2018 تاقیکرایەوە و سەرکەوتوو بوو، بڕیاردرا بەفەرمی لە ئۆڵۆمپیادی پاریسدا وەک وەرزشێکی ئۆڵۆمپی لە قەڵەم بدرێت و وەرزشوانان هەوڵ بۆ بردنەوەی میدالیای تایبەت بەو وەرزشە بدەن.
 
گرنگترین یارییەکانی ئەم بۆنە وەرزشییە زەبەلاحە، لە شوێنە ناسراو و تایبەتەکانی پاریس بەڕێوەدەچن، هەندێک لە وەرزشەکانیش دەچنە دەرەوەی شارەکە.
 
ماسکۆتی ئۆڵۆمپیادی پاریس، بووکەڵەیەکە کە کڵاوێکی فریجی لەسەرە و ئەمەش دووپاتکردنەوەی هێمانی ئازادییەکانە لای فەرەنسییەکان.
 
فەرەنسا یەکێكە لەو وڵاتانەی پێشتر بۆنەی گەورەی وەرزشیی لە ئامێزگرتووە، لە ئۆڵۆمپیادەوە، تاوەکو یۆرۆ و جامی جیهانیی. فەرەنسا بە سرووشتە تایبەت و دڵڕفێنەکەی، کولتوورە دەوڵەمەندەکەی و دیمەنی ناوازەی شار و ناوچەکانی، هەردەم سەرکەوتوو بووە لە بەڕێوەبردنی ئەم بۆنە گەورانە، پێشبینی دەکرێت لەم ئۆڵۆمپیادەدا جارێکی دیکە هەموو جیهان سەرسام بکاتەوە.