ڤیدیۆ؛ مێسی بەردەوامە لە سەرسامکردنی ئەمریکا و جیهان

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە دووەم یاریی خۆیدا بە درێسی تیپە نوێیەکەی ئینتەرمەیامی، بەردەوام بوو لە درەوشانەوە و سەرسامکردنی جیهان.
 
مێسی دوو گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵێکی دیکەی بۆ رۆبەرت تایلۆری هاوڕێکەی دروستکرد، کە بەهۆیەوە ئینتەرمەیامی توانی بە ئەنجامی 4-0 لە ئەتلانتا یونایتد بباتەوە.
 
ئینتەرمەیامی لە دووەم یاریی لە جامی خولەکاندا رووبەڕووی ئەتەلانتا یونایتد بووە و شکستێکی گەورەی پێهێنا.
 
مێسی لە خولەکەکانی 8 و 22 دوو گۆڵی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد، تایلۆریش لە خولەکەکانی 44 و 53ـدا دوو گۆڵی بۆ یانەکەی مەیامی تۆمارکرد.
 
لیۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەدەستهێنا، ئینتەرمەیامیش بووە یەکەم تیپ بگاتە قۆناخی 32ـی ئەو پاڵەوانێتییەی کە لە نێوان یانەکانی ئەمریکا و مەکسیکدا ئەنجام دەدرێت.
 
ئینتەرمەیامی رۆژی دووی مانگی ئابی داهاتوو، سێیەم یاریی ئەم پاڵەوانێتییە ئەنجام دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا رکابەرەکەی دیاری نەکراوە.
 
تۆڕی ئۆپتا بۆ ئامارەکان رایگەیاند، ئەتلانتا یونایتد 100ـەمین تیپە کە مێسی بە درێژایی کاروانی تۆپی پێی گۆڵی لێکردوون.
 
مێسی لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوودا بە تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە لە یارییەکەی بەرامبەر کروز ئازولی مەکسیکی لەگەڵ ئینتەرمەیامی کاروانی یاریکردنی دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا لە دوو یارییدا لەگەڵ ئەو یانەیە 3 گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە.
 
مێسی هاوینی ئەمساڵ بە گرێبەستێکی بێ بەرامبەر رووی لە ئینتەرمەیامی کرد، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30ـی حوزەیرانی رابردوو کۆتاییهات و ئامادە نەبوو نوێی بکاتەوە.
 
لیۆنێل مێسی، گرێبەستێکی دوو وەرزی لەگەڵ ئینتەرمەیامی واژۆکردووە، مووچەی ساڵانەی لە نێوان 50 بۆ 60 ملیۆن دۆلارە.