چەند لێدوانێک لە سەرۆکی بارسێلۆناوە لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان


رووداو دیجیتاڵ

جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی ئەو دەنگۆیانە قسە دەکات کە باس لە گواستنەوەکانی یانەکەی لەم هاوینەدا دەکەن.

بارتۆمیۆ لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی گەڕاندنەوەی نەیمار بۆ یانەکەی گوتی، ئێستا ئەوان بڕیار دەدەن، بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بگوازنەوە، بەڵام ئەگەر دەرگای گفتوگۆکان نەکرێنەوە و لە رێگەی گرێبەستی گۆڕینەوە کار ناکەن، گواستنەوەی یاریزانان قورس دەبێت.

سەرۆکی بارسا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆ گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز، گفتوگۆیان لەگەڵ ئینتەر کردووە؟ گوتی، بەڵێ قسەیان لەگەڵ یانەکە کردووە، بەڵام ئێستا هەموو گفتوگۆکانیان راگرتووە.

لەبارەی ئەوەی کە لاوتارۆ لە پێشەوەی پلانەکانی ئەوانە؟ بارتۆمیۆ دەڵێت، هەموو بیرکردنەوەیان لەسەر خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە و دەیانەوێت بەباشترین شێوە دەربکەون.

سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر گوتی، ئەوان 7 یاریزانی گەنجیان هەیە، لەسەر گواستنەوەی گەنجەکان بەردەوامدەبن، ئێستا ئەوان پێدریان هەیە کە بۆ داهاتوو سوودی لێ وەردەگرن، ترینکاویش گرێبەستی لەگەڵ کراوە و یەکێک لە باشترین گەنجەکانی ئەوروپایە.

جۆزێپ رایگەیاند، کە ماتیۆس فێرناندێز، میرالیم پیانیچ، ئاراوخۆ، ریکی پویگ و ئانسۆ فاتیش سوودیان بۆ یانەکەی دەبێت.

سەرۆکی بارسێۆنا، لەبارەی ئەو بارودۆخەی تۆپی پێ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێیدا تێدەپەڕێت گوتی، تۆپی پێ پێویستیی بە دوو بۆ سێ ساڵ هەیە، تاوەکو لە کۆرۆنا رزگاری دەبێت.