نهێنی رۆیشتنی بۆنوچی له‌ یوڤێنتۆس

26-07-2017
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن لیۆناردۆ بۆنوچی
A+ A-

رووداوی وه‌رزشی ـ یوڤێنتۆس مانیا
هه‌رچه‌نده‌ پێشتر زۆر لێكدانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه‌ بۆ هۆكاره‌كانی رۆیشتنی لیۆناردۆ بۆنوچی له‌ یانه‌ی خانمه‌ پیره‌كه‌ كران، به‌ڵام راستی هیچ یه‌كێك له‌و هه‌واڵانه‌ دووپات نه‌كرایه‌وه‌. ئه‌مجاره‌ش له‌ پێشهاتێكی نوێدا رۆژنامه‌ی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی نهێنی رۆیشتنی له‌ناكاوی بۆنوچی له‌ یوڤێنتۆس ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، كه‌ زۆر نزیكه‌ له‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس، چه‌ند هۆكارێك وایان له‌ بۆنوچی كرد به‌شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو بڕیاری رۆیشتن به‌ره‌و یانه‌ی ئه‌ی سی میلان بكات، ئه‌گه‌رچی كارگێڕی یوڤێنتۆس ره‌زامه‌ندی نیشان دابوو بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی بۆنوچی.

تۆتۆ سپۆرت، له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت "بڕیاری رۆیشتنی بۆنوچی له‌ یوڤێنتۆس هیچ په‌یوه‌ندی به‌ یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگه‌وه‌ نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كان باسیان ده‌كرد، به‌ڵكو هۆكارێكی دیكه‌ هه‌بوو، ئه‌ویش هه‌ستكردنی بۆنوچی بوو به‌ ته‌نیایی". رۆژنامه‌كه‌ له‌و باره‌وه‌ زیاتر ده‌ڵێت "بۆنوچی به‌هۆی شێوازی كه‌سایه‌تی خۆی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ هیچ یاریزانێكی هاوڕێی له‌ یوڤێنتۆس نه‌بوو، ته‌نانه‌ت قسه‌ی له‌گه‌ڵ زۆریان نه‌بوو، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌ قه‌ت نه‌ده‌بینرا بۆنوچی له‌ رێگه‌ی تووڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا هه‌بێت یاخود به‌شداری له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت". 

تۆتۆ سپۆرت، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ته‌نانه‌ت له‌ رۆژانی چه‌ژنی سه‌ری ساڵ و رۆژی له‌دایكبوونیشی كه‌س پیرۆزبایی لێ نه‌ده‌كرد بێجگه‌ له‌ جیانلویجی بۆفۆنی كاپتن و ئه‌ندریا بارزالی به‌رگریكار".

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاویه‌، هۆكارێكی دیكه‌ كه‌ وای له‌ یوڤێنتۆس كرد رێگه‌ له‌ رۆیشتنی بۆنوچی له‌ یانه‌كه‌ نه‌گرێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ خراپه‌ی بوو كه‌ له‌گه‌ڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنه‌ردا هه‌یبوو "به‌رده‌وام شه‌ڕیان ده‌كرد، چونكه‌ بۆنوچی ده‌یویست ده‌ست بخاته‌ نێو كاره‌كانی ئالێگری و هه‌ولی ده‌دا شێواز و پلانه‌كانی یاریكردنی پێ بگۆڕێت، ئه‌مه‌ش ئالێگری راهێنه‌ری زۆر بێزاركردبوو، هه‌ستی ده‌كرد ئه‌و یاریزانه‌ هۆكاری كێشه‌و گرفته‌ زۆره‌كانی نێو ژووری جلگۆڕینی یوڤێنتۆسه‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە