رووماڵی رووداو لە شەوی دۆڕانی رۆناڵدۆدا جیاواز بوو

رووداو دیجیتاڵ

سیانزدەم رۆژی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024، دوایین رۆژی قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکە بوو، کە تێیدا رۆناڵدۆ و پۆرتوگال دۆڕان و رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداویش لە رۆژی 13ـدا جیاواز و تایبەت بوو. 
 
کارۆخ ئیبراهیمی دەرهێنەر لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024 میوانی رووداو بوو. خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.
 
رووداو بەردەوامە لە بەخشینی خەڵاتە بەنرخەکانی بە بەشداربووانی رووماڵی رۆژانەی، کە یەکێک لە خەڵاتەکانی ئایپادی رووداو بەر کابانێکی ماڵ کەوت و یەکێکی دیکەش بۆ کارمەندێکی مارکێت دەرچوو. 
  
دەستپێکی رووماڵی 13یەم رۆژی رووداو، بە بووڵتەنێکی هەواڵ دەستیپێکرد، کە لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێر 08:30 پێشکێشکرا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو و بە ڤیتی و هەواڵ هەموو شتێک لەسەر یارییەکانی رۆژ باس کرا.
 
دوو بووڵتەنی 13:30 و 16:40 بەهەمان شێوە پێشکێشکران و پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، لە شاری دۆرتموندەوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکان قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، کارۆخ ئیبراهیمی دەرهێنەر بوو، کە هاندەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال و سەرسامی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە. ئەو وێڕای قسەکردن لەسەر کارە هونەرییەکان، زۆر بە شارەزایی خوێندنەوە و شرۆڤەی یارییەکانی دەکرد.
 

کارۆخ ئیبراهیم، سەرسامبوونی خۆی بە رۆناڵدۆ نەشاردەوە و گوتی "رۆناڵدۆ واتا ئاڵنگاری، کەی رۆناڵدۆ تووڕە کرا یان دۆڕا لە یاریی دواتردا ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکێش دەکات".
 
لە دوایین رۆژی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا چوار یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، کە جگە لە دیاریکردنی چارەنووسی تیپە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناخی 16، کاریگەرییشیان بەسەر دیاریکردنی رووبەڕووبوونەوەکانی قۆناخەکە هەبوو.
 
دوو یاری لە کاژێر 19:00 ئەنجام دران و دوو یارییەکەی دیکە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوون، کە ئەمجارەش رۆژێکی کەم گۆڵ بوو، و لە چوار یارییدا تەنیا 7 گۆڵ تۆمارکران.
 
هەردوو یاریی یەکەم، لە چوارچێوەی یارییەکانی دواگەڕی کۆمەڵەی پێنجەم بوون، کە لە یاریی یەکەمدا، سلۆڤاکیا رووبەڕووی رۆمانیا بووەوە و ئەنجامی یارییەکە 1-1 بوو.
 
بەم ئەنجامە هەردوو هەڵبژاردە سەرکەوتن و لە قۆناخی 16ـدا سلۆڤاکیا بەرامبەر ئینگلتەرا یاری دەکات و رۆمانیا کەوتە بەرامبەر هۆڵەندا.
 
لە یاریی دووەمیشدا، ئۆکراینا بەرامبەر بەلجیکا یاریکرد و لەو یارییەدا هیچ لەو دوو تیپە نەیانتوانی گۆڵ بکەن و دەرئەنجام بەلجیکا بلیتی قۆناخی 16ـەی وەرگرت، بەڵام ئۆکراینا وەک چوارەمی کۆمەڵەکە ماڵئاوایی لە یۆرۆ کرد، سەرەڕای ئەوەی چوار خاڵی هەبوو. 
 

بەلجیکا بەختێکی باشی نەبوو، و لە قۆناخی 16ـدا دەبێت بەرامبەر فەرەنسا یاری بکات.
 
هەردوو یاریی دووەم، لە چوارچێوەی یارییەکانی دواگەڕی کۆمەڵەی شەشەم بوون، کە یاریی یەکەم لە نێوان چیک و تورکیا بوو، و یارییەکە 2-1 لە بەرژەوەندی تورکەکاندا کۆتاییهات.
 
چیک تەنیا خاڵێکی لە سێ یارییدا کۆکردەوە و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد. تورکیاش بۆ قۆناخی داهاتوو بەرامبەر نەمسا یاری دەکات.
 
یاریی چوارەم و دواینیش هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و جۆرجیای کۆکردەوە و سوپرایزە گەورەکە لەسەر دەستی کڤاراتسخیلیا و هاوڕیکانی روویدا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی 2-0 دۆڕان، کە لەو یارییەدا کریس کارتێکی زەردیشی وەرگرت.
  
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی دوای دوو یارییەکەی یەکەم و پێش دوو یارییەکەی دووەمیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە باس باسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو.
 
سەرمەد سامح، باسی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد و گوتی "هۆکاری یاریپێکردنی رۆناڵدۆ لەم یارییەدا بۆ خۆویستی کریس دەگەڕێتەوە، کە دەیەوێت هەموو ئامارەکان بەناوی خۆی بکات. هەندێکجار ئەو خۆویستییە بۆ یاریزان پێویستە".
 
ئەو گوتیشی "راستە سێ یارییە رۆناڵدۆ گۆڵ ناکات، بەڵام لە رووی ئاستەوە خراپ نەبووە و ئەو ئەرکەی مارتینێزی راهێنەر پێیداوە بەباشی جێبەجێیکردووە".
 
سەرمەد گوتیشی "میدیا ستەم لە رۆناڵدۆ دەکات. ئەی بۆ کەس باسی مێسی ناکات؟ لە کاتێکدا ئاستێکی خراپی لە کۆپا ئەمریکادا پێشکێشکردووە".
 
ئەڵمان عارف، بەپێچەوانەوە. رەخنەی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گرت و گوتی "ئەمڕۆ دۆن ئاستێکی خراپی پێشکێشکرد. زۆریش تووڕە بوو. ئەو دەبێت هێمن و لەسەرخۆ بێت".
 

کامەران نەسرەدین، بەشێوەیەکی دیکە باسی کریستیانۆی کرد و گوتی "ئەو بۆ گۆڵکردن و ریکۆرد شکاندن بەشداری لەم یارییەدا کرد. ئەو دەیەوێت ریکۆردی نوێ بشکێنێت و گۆڵی زیاتر تۆماربکات، بۆ ئەوەی لە پێشبڕکێی رکابەریکردنی مێسیدا بمێنێتەوە".
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یۆرۆی 2024 لە بووڵتەنی 13:30ـدا، لە شاری دۆرتموندەوە باسی لەوە کرد کە هاندەرانی ئەو هەڵبژاردانەی لە پاڵەوانێتییەکە دەرکراون ئەڵمانیا جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، بەڵام هاندەرانێکی زیاتریش لەو وڵاتانەوە دێنە ئەڵمانیا کە هەڵبژاردەکانیان گەیشتوونەتە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
 
پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد کە رێوشێنە ئەمنییەکان لە ئەڵمانیا زۆر بەباشی کراون و بەو هۆیەوە شەڕ و ئاڵۆزی نێو هاندەران زۆر کەمە و یارییەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەدەچن.
 
دڵنیا رەحمان، لە بۆڵتەنی 16:40 و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا چووە نێو هاندەرانی پۆرتوگال و راوبۆچوونیانی وەرگرت و یەکێک لە هاندەرانی رۆناڵدۆ، کە کوردی رۆژهەڵات بوو، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "لەبەر رۆناڵدۆ هاتوومەتە یاریگە. هەردوو تیپ باشبوون. بەڵام جۆرجیا توانی گۆڵ بکات و پۆرتوگال نەیتوانی".
 
کامێرای رووداو بەشێکی ئاهەنگەکانی هاندەرانی جۆرجیاشی گواستەوە، کە لە دەرەوەی یاریگەدا بەبۆنەی بردنەوە لە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی ئاهەنگیان گێڕا.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی رۆناڵدۆ بەڕێوەچوو، کە کارۆخ ئیبراهیم میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو، و جگە لەوەی باسی لە هەندێک لە کارە هونەرییەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی کرد، پەسنی رۆژنامەڤانانی وەرزشی کرد و گوتی "لە کوردستان رۆژنامەڤانانی وەرزشی هەنگاوی گەورە چوونەتە پێشەوە و خزمەتی بواری وەرزشیان کردووە، بەپێچەوانەی رۆژنامەڤانانی بواری هونەر، کە بەداخەوە نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی بوارەکە بکەن".
 
ئەو دەرهێنەرە، باسی کریستیانۆشی کرد و گوتی "رێگە نادەم کەس رەخنە لە رۆناڵدۆ بگرێت".
 
تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە لەم رووماڵەیدا دوو خەڵاتی ئایپادی رووداوی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پایامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی چووە نێو هاندەرانی پۆرتوگال، کە ژمارەیەکی زۆر بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە و  تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی گەنجێک بەناوی ئەمیر نیهاد، کە تەمەنی 18 ساڵە و کارمەندی مارکێتە لە سلێمانی.
 
ئەمیر هاندەری کریستیانۆیە و براکەی هاندەری مێسییە، قسەیان بۆ رووداو کرد، یەکێکیان گوتی "رۆناڵدۆ پاشایە" و ئەوی دیکەش گوتی "پاشای دووگۆڵییە". 
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی خانمێک لە دهۆک بە ناوی زایدا نوری عادل، کە تەمەنی 26 ساڵە و
کابانی ماڵە. ئەکاونتەکەی لە فەیسبووک بەناوی دایکی محەممەدە.
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و کامەران نەسرەدین، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ هەردوو یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی پۆرتوگال و تورکیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە محەممەد بەسام موخلیس براوەی ئەمشەوی لیرەی رووداو بوو، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە.
 
محەممەد بەسام، تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی بەحرکەی هەولێرە، پیشەی کرێکارە و گوتی "20 کۆمێنتم نووسیوە و بوومە براوەی لیرەیەکی زێڕ".
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری جەمیل ئامانج بوو، تەمەنی 18 ساڵە. کە کرێکاری موەلیدەیە و بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کرد.