بۆچی رۆناڵدۆ بەرامبەر تورکیا لاپچینێکی بەقەرز لە برۆنۆ فێرناندێز وەرگرتووە؟

رووداو دیجیتاڵ 

زۆر لێکدانەوەی بۆ کران، دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال جووتێک لاپچینی بەقەرز لە هاوڕێکەی برۆنۆ فێرناندێزی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد وەرگرت، کە لە یارییەکەیان بەرامبەر تورکیا لە یۆرۆی 2024 لەپێی کرد.
 
رۆناڵدۆ لە سەرەتای یارییەکەدا بە جووتێک پێڵاوی سەوزەوە دەرکەوت. لە گێمی یەکەم بە پێڵاوە سەوزەکە یاری کرد و لە گێمی دووەمدا بە پێڵاوی برۆنۆی هاوڕێی یاری کرد، کە دیاربو کاتێک یارییەکە کۆتاییهات، دۆن جووتێکی سپی-پەمەیی لەپێدابوو.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو لاپچینانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە گێمی دووەمدا لەبەریکردوون، هەمان ئەو لاپچینانەن کە هاوڕێکەی برۆنۆ فێرناندێز لەبەریکردوون.
 
بەشداربووانی پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا ناوی "ماتێڵدا"، کچی برۆنۆ فێرناندێزیان لەسەر پێڵاوی پەمەیی رۆناڵدۆ بینی، دواتر وایان لێکدایەوە کە ئەمە هۆکاربووە بۆ ئەوەی کریستیانۆ ئەسیستێک بۆ برۆنۆ بکات، لە کاتێکدا خۆی دەیتوانی گۆڵ بکات.
 
بەپێی لێدوانی بەشداربووانی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، برۆنۆ فێرناندێز لە گێمی دووەمدا پێڵاوەکەی بە رۆناڵدۆ داوە کە ناوی کچەکەی لەسەربووە، کە وایکرد کریس قەرزەکە بە پاسێکی یەکلاکەرەوە بۆی بگەڕێنێتەوە.
 
بەڵام رۆژنامەی ریکۆرد بابەتەکەی یەکلاییکردەوە، و روونیکردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لاپچینەکانی بە جووتێکی دیکەی گۆڕییەوە کە بزمارەکانی بنی درێژتر بوون،  چونکە لە گێمی یەکەمدا رۆناڵدۆ زۆرجار بەهۆی چیمەنی یاریگاوە دەخلیسکا و تووشی لەدەستدانی هاوسەنگی دەبوو.
 
رۆناڵدۆ گۆڵکاریی مێژوویی جامی نەتەوەکانی ئەوروپایە، بەتۆمارکردنی 14 گۆڵ، هەروەها گۆڵکاری هەردوو وەشانی 2012 و 2020ـی پاڵەوانێتییەکەیە. لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نازناوی یۆرۆی 2016 بەدەستهێناوە.
 
ئەمڕۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی کۆمەڵەی شەشەم لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، رووبەڕووی هاوتاکەی هەڵبژاردەی جۆرجیا دەبێتەوە.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال پێشتر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکردووە، دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەم و دووەمدا سەرکەوتنی بەرامبەر کۆماری چیک و تورکیا بەدەستهێنا.
 
تورکیا بە سێ خاڵ لە پلەی دووەم دێت، پاشان کۆماری چیک بە خاڵێک و جۆرجیا بە هەمان ژمارەی خاڵ بەهەمانشێوە دێت.