ژانگ زیو جیهانی سەرسام کردووە

رووداو دیجتاڵ

ژانگ زیو، خانمە ئەستێرەی تۆپی باسکەی چینی، بەهۆی باڵابەرزی و تەمەنە بچووکەکەی، لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیادا کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
ئەو کچە چینییە، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەمەنی بوو بە 17 ساڵ، ئەمەش بووە هۆکاری دروستبوونی گفتوگۆیەکی گەرم لەنێوان فۆڵۆوەرسەکانیدا سەبارەت بە تەمەنی بەبەراورد بە باڵای.
 
ژانگ زیو، خانمە یاریزانێکی گەنجی باسکەیە، لەنێو یاریگەدا لە ناوەڕاست یاری دەکات، لە خولی لاوان و تازەپێگەیشتووان بەشداری دەکات.
 
باڵای ژانگ 2 مەتر و 20 سانتیمەترە و پێناچێت ئەمە دوایین ئاستی درێژیی باڵای بێت، چونکە بەهۆی تەمەنەکەیەوە هێشتا دەتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا باڵای زیاتر بەدەستبهێنێت.
 
ئەو خانمە یاریزانە، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەمەنی گەیشتە 17 ساڵان، بەدیاریکراوی لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، بەڵام بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی یاری بۆ تیپە تەمەنییەکانی لەخۆی گەورەتر کردووە.
 
باڵای بەرزی ژانگ باڵادەستی رەهای پێدەبەخشێت بەسەر هەر کەسێکدا کە لە بەرامبەریدا یاری دەکات، گرنگ نییە بەرامبەرەکەی چەندە باڵابەرز بێت، چونکە پێناچێت کەس لەو درێژتر بێت، مەگەر یاریزانێکی دیکەی وەک خۆی زەبەلاح هەبێت.
 
لە خێزانێکی پیشەییەوە
 
ژانگ نەک تەنیا بەهۆی باڵای بەرزییەوە یاری تۆپی باسکە دەکات، بەڵکو لەبەرئەوەی لە خێزانێکدا گەورە بووە کە ئەو وەرزشەیان خۆشدەوێت و پیشەگەرن تێیدا.
 
هی یو یەنگی دایکی ژانگ، خانمە یاریزانێکی پیشەگەر بوو لە چین و باوکی ژانگ یوکوان لە ئاستێکی بەرزدا یاری باسکە دەکرد.
 
بۆیە زۆر ئاسانە لەوە تێبگەین کە بۆچی ژانگ حەزی لە تۆپی باسکەیە و پیشەگەرە، جگە لەوەی باڵاکەیشی زیاتر یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا سەرکەوتوو بێت.
 
ژانگ لەلایەن سکاوتەکانی یانە ئەمریکییەکانەوە لە هەموو شوێنێکەوە چاودێری دەکرێت و ئامادەن بە هەر نرخێک بێت واژۆی بۆ تیپەکەیان بەدەستبێنن، بەڵام پێدەچێت ئەو گواستنەوەیە ئێستا ئاسان نەبێت بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی بچووکی یاریزانەکە، کە هێشتا نەبووە بە 18 ساڵان..
 
ژمارەی سەرسوڕهێنەر
 
ژانگ لە پاڵەوانێتی ئاسیا یارییەکی فەرمی لەگەڵ هەڵبژاردەی چینی تەمەن خوار 18 ساڵان بەرامبەر ئیندۆنیزیا ئەنجامدا و ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکێش کرد.
 
ژانگ لەو یارییەدا 19 خاڵى تۆمارکرد، کە ئەم رێژەی گۆڵکردنى لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەو لەم یارییەدا، لە کۆى 9 لێدان 9 لێدانى دروستى تۆمارکرد.
 
ئەمە جگە لە 7 بەدواداچوون، و بەشدارییەکی گەورەی لە بەرگریدا هەبوو. لەگەڵ رێگەگرتن لە سێ لێدانی تیپی بەرامبەر و دروستکردنی دوو پاسی یەکلاکەرەوە، جگە لە دووجار رێگریکردن لە تۆپەکە. 
 
ژانگ هەموو ئەمانەی لەماوەی تەنیا 13 خولەکدا کردی  و رۆڵی سەرەکی بینی لە بردنەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بە 109 خاڵ بەرامبەر بە 50 خاڵ.