فەرمی.. بارسێلۆنا گواستنەوەی گوندۆگانی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتیی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
یانەی بارسێلۆنا بە ڤیدیۆیەکی تایبەت گواستنەوەی یاریزانەکەی بۆ ریزەکانی راگەیاند، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025 دەبێت و یاریزانەکە بێبەرامبەر دەچێتە یانە کەتەلۆنییەکە.
ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بەو یانەیەوە بەستراوەتەوە، بەتایبەت کە یاریزانەکە ویستی یارییکردن بۆ ئەو یانەیە هەبوو، هەرچەند کە یاریزانەکە لەم وەرزەدا سێ نازناوی جیاوازی بردووەتەوە، کە یەکێکیان چامپیۆنزلیگە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرێبەستی یاریزانەکە یەکلاکراوەتەوە، بەڵام یانەکە تاوەکو ئەمڕۆ دوایخستبوو.
لەلایەن خۆیەوە یانەی مانچێستەر سیتی وێنەیەکی گوندۆگانی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر نووسراوە سوپاس.
ئیلکای گوندۆگان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یانەی بارسێلۆنا یارییدەکات و ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵی سێیەمیشی لەگەڵە، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "مووچەی یاریزانەکە لە بارسێلۆنا 9 ملیۆن یۆرۆیە"، دوای پەیوەندیکردنیشی بە بارسا، یاریزانەکە دەچێتە پشووی هاوینە.
 
ئیلکای گوندۆگان لە پەیامێکدا دوای بەجێهێشتنی یانەی مانچێستەر سیتی و چوونی بۆ یانەی بارسێلۆنا نووسیوویەتی "شانازی بوو بۆ من ماوەی 7 ساڵ لە مانچێستەر سیتی بووم، سوپاس بۆ پێپ کە هەلی ئەوەی پێدام لەژێر سەرپەرشتی ئەودا یاریی بکەم و ماوەیەکی زۆر لێیەوە فێرببم، سوپاس بۆ هەموو یاریزانانی پێشوو و ئێستای یانەکە، سوپاس بۆ هاندەرانی مانچێستەر سیتی، سیتی هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە."