لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگەوە بۆ خولی سعودی و لای رۆناڵدۆ

26-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مارسێلۆ برۆزۆڤیچ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی، بەتەواوی لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت، ئەمڕۆ کارەکانی گرێبەستەکەی تەواوبکرێن.
 
شاندێکی یانەی نەسڕی سعودی بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستی مارسێلۆ برۆزۆڤیچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ئینتەرمیلان لە شاری میلانۆی ئیتاڵیان، دەیانەوێت ئەمڕۆ کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەکەیان تەواوبکەن.
 
یانەی نەسڕ دەستەوارەکەی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بەرزکردووەتەوە و ئامادەیە 23 ملیۆن یۆرۆ بداتە یانە ئیتاڵیاییەکە، ئینتەرمیلان بەو دەستەوارەیە رازییە و ئێستا بڕیاری کۆتایی لای یاریزانەکە خۆیەتی، شاندەکەی یانەی نەسڕیش دەیەوێت یاریزانەکە رازی بکات و گرێبەستەکەی بەفەرمی واژۆ بکات.
 
بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا ئەوەی لەنێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، ئەوەیە کە یانەکە دەیەوێت بۆ دوو وەرز گرێبەست لەگەڵ برۆزۆڤیچ بکات و مووچەیەکی 20 ملیۆن یۆرۆی پێبدات، بەڵام یاریزانەکە داوادەکات گرێبەستەکە بەهەمان مووچە و بۆ سێ ساڵ بێت.
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە کە یاریزانەکە دەیەوێت بچێتە یانەی بارسێلۆنا، بەڵام ئێستا بژاردەی هەرە نزیک یانەی نەسڕە و چاوەڕواندەکرێت وەرزی داهاتوو مارسێلۆ برۆزۆڤیچ هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بۆ یانەکە بکات.
 
مارسێلۆ برۆزۆڤیچ، لە دیارترین ئەستێرەکانی کرواتیا و یانەی ئینتەرمیلانە، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەکە گەیشتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، گرێبەستەکەی دوو ساڵی ماوە و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 25 ملیۆن یۆرۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە