ڤیدیۆ؛ مێسی بەشداریی لە یاریی رێزلێنان لە ریکێلمی کرد و پێشوازییەکی گەورەی لێکرا

26-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریکێلمی و مێسی
ریکێلمی و مێسی
نیشانەکردن ریکێلمی مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەشداریی لە یاریی ماڵئاواییکردنی خوان رۆمان ریکێلمی، ئەستێرەی هەڵبژاردەکەدا کرد و گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یاریگەی لا بۆمبۆنێرای تایبەت بە یانەی بۆکا جونیۆرز، یارییەکی رێزلێنان بۆ خوان رۆمان ریکێلمی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یەکێک لە ئەفسانەکانی ئەو یانەیە رێکخرا، کە لەنێوان یاریزانانی پێشووی ئەرجەنتین و یاریزانانی پێشووی یانەکەدا کرا.
 
لە یارییەکەدا لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، خاڤیێر ساڤیۆلا، ئانخێل دیماریا، پابلۆ ئەیمار و چەندین ئەستێرەی دیکە بەشداربوون، لە یانەی بۆکا جونیۆرزیش خوان رۆمان ریکێلمی، ئیبرا، دێلگادۆ و چەند یاریزانێکی دیکە بەشدارییان لە یارییەکەدا کرد.
 
هەزاران هاندەر بۆ ماڵئاواییکردن لە ریکێلمی و پێشوازیکردن لە لیۆنێل مێسی لە یاریگەدا ئامادەبوون، کاتێک ناوی مێسی هێنرا بۆ ئەوەی بێتە نێو یاریگە، هەمووان بەیەکەوە هاواریان کرد مێسی، مێسی، مێسی.
 
لە یارییەکەدا لیۆنێل مێسی گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی ئەستێرەکانی ئەرجەنتین تۆمارکرد، بەڵام یارییەکەیان بە 3-5 دۆڕاند.
 
دوای یارییەکە ریکێلمی لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە گوتی "ئەو کەسێکی زۆر تایبەتە، نازانم لە مارادۆنا باشترە یان لە دوای ئەوە دێت، تەنیا ئەوە دەزانم کە ئەوان دوو گەورەترین کەسن کە تاوەکو ئێستا لە ژیانمدا بینیومن، ئەوەش شتێکی خۆش و تایبەتە، بۆ ئەوەی چێژی لێ وەربگرم."

 
ئەمە دووەم یاریی رێزلێنانە لەم هەفتەیەدا مێسی ئەنجامیدەدات، دوای ئەوەی لە یاریگەی نیۆڵز ئۆڵد بۆیزیش بەشداریی لە یاریی ماڵئاواییکردن لە ماکسی رۆدریگێز، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە