5 شاخەوانی کورد ئاڵای کوردستانیان گەیاندە سەر یەکێک لە بەرزترین لووتکەشاخەکانی هیمالایا

26-06-2023
ئیحسان تاهیر
تیمی شاخەوانیی کوردستان
تیمی شاخەوانیی کوردستان
نیشانەکردن فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێنج شاخەوانیی کورد دەستکەوتێکی جیهانیان بەدەستهێنا و بە ئاڵای کوردستانەوە گەیشتنە سەر یەکێک لە بەرزترین لووتکە شاخەکانی زنجیرە چیای هیمالایا و گەڕانەوە کوردستان.
 
ئیبراهیم شەهباز، یەکێکە لەو 5 شاخەوانەی کوردستان کە بەشداری گەشتەکەی کردبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تیمێکی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، کە لە 5 شاخەوانی کورد پێکهاتبوو، توانییان سەرکەوتنێکی تەکنیکی و ئەزموونگەرانە ئەنجام بدەن و لە دیوی ھیندستانەوە گەیشتنە سەر لووتکە شاخی گانگ یاتسەی دوو".
 
ئەو گوتیشی "ئێمە رۆژی 21ـی6ـی 2023 کاژێر 4:30ـی بەیانی بە کاتی کوردستان، بە ئاڵای کوردستانەوە گەیشتینە سەر لووتکەکە، کە یەکێکە لە بەرزترین لووتکەشاخەکانی زنجیرە چیای هیمالایا و بەرزییەکەی 6250 مەترە".
 
ئیبراهیم، بۆ رووداوی روونکردەوە "تیمەکە سەرەتا ماوەی 12 رۆژ لە کەمپێکی سەروو 5 ھەزار مەتر مانەوە، دوای ئەوەش دوای دووجار ھەوڵدان، بەھۆی نالەباری کەشوھەوای ناوچەکەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی 21ـی حوزەیران گەیشتنە ئامانجەکەیان و دواتریش بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە".
 
ئەو روونیکردەوە، کە ئەوان لە لایەن فیدراسیۆنی شاخەوانی هیندستانەوە هاوکاری کراون و رێبەرانی خۆیان لەگەڵ ناردوون و گوتی "ئەو دەستکەوتەی ئێمە فەرمی و جیهانییە و لە لایەن فیدراسیۆنی شاخەوانی هیندستانەوە بەفەرمی پێشوازییان لێکراوە، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردساتنیش سەرۆکایەتی شاندەکەی کوردستانی کردووە و بەفەرمی رێگەیان پێداون گەشتەکەیان بە یارمەتی رێبەر و چاودێرانی ئەوان ئەنجام بدەن". 
 
شەهباز گوتیشی "دواتر فیدراسیۆنی شاخەوانی هیندستان نووسراوی فەرمیمان بۆ دەنێرێت وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی و سەلمێنەر بۆ ئەوەی کە ئەو دەستکەوتەمان بڕواپێکراو و جیهانییە".
 
تیمی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان پێکھاتبوو لە ھەریەک لە:
 
ــ د.ئەنەوەر عەلی محەممەد، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
ــ دانیاڵ نەبی موزەفەر، بەرپرسی فریاگوزاری ناوەندی سۆران - فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
ــ مەولود مستەفا، بەرپرسی بەشی تەکنیک لە ناوەندی سۆران - فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
ــ ھەروەھا ھەریەک لە داریوش موزەفەر و ئیبراھیم محەممەد شەھباز، ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی ئەلفا.
 
کانگ یاتسێ دوو، شاخێکە دەکەوێتە کۆتایی دۆڵی مارکا لە زنجیرە چیاکانی ھیمالایا، لە ناوچەی لاداخ، لە باکووری رۆژئاوای ھیندستان و دەکەوێتە پارکی نەتەوەیی ھێمیس، کە 6250 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
 
ئەم لووتکە شاخە، یەکێکە لە لووتکە شاخە سەختەکان و لە ھەر چوار وەرزی ساڵدا بە بەفر و سەھۆڵ داپۆشراوە. ھەر بۆیە  سەرکەوتن بەسەر ئەو لووتکە شاخەدا، تەکنیک، شارەزایی و ئەزموونی زۆری شاخەوانیی و ھەروەھا ئامادەیی جەستەیی پێشوەختەی زۆری پێویستە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، تیمی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، گەیشتەوە شاری ھەولێر و لەناو فڕۆکەخانەی ھەولێری پایتەختدا، لەلایەن نوێنەرانی گرووپەکانی شاخەوانییەوە بە چەپکە گوڵەوە پێشوازییان لێکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە