کێشەی عەدنان درجال و یونس مەحموود بە کوێ گەیشت؟

26-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عەدنان درجال یونس مەحموود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە کێشەیەکی گەورەدایە بەهۆی ناکۆکییەکی گەورە، کە لە نێوان ئەندامەکانیدا روویداوە و کار گەیشتووەتە ئەوەی عەدنان درجالی سەرۆکی یەکێتییەکە لە یونس مەحموودی جێگری دووەمی بدات.
 
وەک ئەوەی میدیاکانی عێراق باسی دەکەن، هۆکاری ئەو شەڕە بۆ ناکۆکییەکی دوور و درێژ دەگەڕێتەوە، کە یونس مەحموود لەگەڵ درجال هەیبووە، بەڵام بەوە تەقیوەتەوە کە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە عەلی جەباری جێگری یەکەمی بکاتە نوێنەری یەکێتییەکە لە فیدراسیۆنی کەنداو، کە دیارە ئەو بڕیارە یونس مەحموودی تووڕە کردووە و لە چەند لێدوانێکدا هەڕەشەی لە عەدنان درجال کردووە.
 
تەنانەت هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە یونس بە ئاشکرا گوتوویەتی "یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تێکدەدەم، چونکە من شایەنترین کەسم بۆ ئەوەی ببمە نوێنەری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە فیدراسیۆنی کەنداو".
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کە رازی نەبوو ناوی بڵاوبکەینەوە، بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە، کە دوای ئەوەی دەمەقاڵێیەکی تووند لە نێوان عەدنان درجالی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یونس مەحموودی جێگری دووەمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق روویداوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی درجال کۆنترۆلی خۆی لەدەستبدات و لە یونس بدات.
 
لە شەڕەکەدا یونس مەحموود چەند بۆکسێکی بەرکەوتووە، بۆیە سکاڵایەکی فەرمی لە بنکەیەکی پۆلیسی بەغدای پایتەخت تۆمارکردووە، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی پایتەخت راپۆرتێکی پزیشکی بردووە، کە کاریگەری چەند بۆکسێک لەسەر شان و قاچی چەپی یونس دەردەخات.
 
تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێک بدات.
 
هەروەها چەندجارێک هەوڵیدا پەیوەندی بە یونس مەحموودەوە بکات، بەڵام ئەویش وەڵامی نەدایەوە.
 
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت "کەس بۆی نییە لەسەر ئەو بابەتە لێدوان بۆ میدیاکان بدات".
 
ئەو کێشەیە کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە ئەو دوو کەسە ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە کاری کارگێڕیی لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراقدا، هەروەها پێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا. 
 
درەنگانی شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی عەدنان درجال و یونس مەحموود بڵاوبووەوە، گوایە بە کۆششی چەند نێوەندگیرێک ئەو دوو کەسایەتییە ئاشتبوونەتەوە و ئەم بابەتە بەتەواوی دادەخرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی کۆپا ئەمریکایان بەرزکردووەتەوە، وێنە: AFP

ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکای 2024ـی بردەوە

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ دووەم جار لەسەر یەک و 16ـەم جار لە مێژووی خۆی، توانی ناسناوی کۆپا ئەمریکا بباتەوە. ئەرجەنتین لە تەواوی پاڵەوانیێتییەکەدا تەنیا یەک گۆڵی لێکرا.