ریال مەدرید گرێبەستی لوکا مۆدریچی نوێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی یانەکەی نوێکردەوە.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا نووسیوویەتی "یانەی ریال مەدرید لەگەڵ لۆکا مۆدیچ گەیشتە رێککەوتن، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 30ـی6ـی 2024."
 
لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2012 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، لە ماوەی 11 وەرزی رابردوودا یەکێک بووە لە دیارترین ئەستێرەکانی یانەکە، 488 یاریی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامداوە و 23 نازناوی بردووەتەوە، کە 5 چامپیۆنزلیگ، 5 جامی جیهانی یانەکان، 4 جامی سوپەری ئەوروپا، 3 نازناوی لالیگا، 2 نازناوی جامی شای ئیسپانیا و 4 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپان.
 
لە ماوەی یارییکردنیدا لە ریال مەدرید ئاستی ئەستێرە کرواتییەکە گەیشتە لووتکە، مۆدریچ خەڵاتی باڵۆن دۆری 2018 و زە بێستی 2018ـی بۆ باشترین یاریزان بەدەستهێنا، لە وەرزی 2018-2017 خەڵاتی باشترین یاریزانی لەسەر ئاستی ئەوروپا بردەوە و شەش جاریش ناوی لە پێکهاتەی باشترین یاریزانەکانی فیفادا بووە.
 
گرێبەستی مۆدریچ ئەم هاوینە لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییدەهات و چەند یانەیەک بۆ گواستنەوەی لەسەر هێڵ بوون، بەڵام یاریزانەکە مانەوەی لە ریال مەدرید هەڵبژارد و گرێبەستەکەی نوێکردەوە.