ئەو شاژنە ئیتاڵییەی گوندۆگانی بردە بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

چوونی ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەڵمانی و یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، بۆ یانەی بارسێلۆنا کاردانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەچێتە یانەیەک کە ماوەیەکی زۆرە لە رکابەرییکردن بۆ چامپیۆنزلیگ دوورە.
 
گوندۆگان دوای بردنەوەی سێ نازناوی لەسەریەک و بەڕێکردنی وەرزێکی نموونەیی لەنێو ژمارەیەک دەستەوارەی جیاوازدا لەسەر ئاستی ئەوروپا و سعودیە بارسێلۆنای هەڵبژارد و پەیوەندیی بەو یانەیەوە کرد، هۆکارەکەشی بەشی سەرەکیی بۆ ویستی ژنێک دەگەڕێتەوە کە چەندین ساڵە هاوبەشی ژیانی ئەستێرە نوێیەکەی بارسێلۆنایە.
 
ئەو ژنە سارا عەرفاویی ئیتاڵییە، کە لە دایکبووی 17ـی حوزەیرانی ساڵی 1995ـە لە شاری مۆنتیبیلونۆ لە ویلایەتی ڤێنیتۆی ئیتاڵیا.
 
سارا ئەکتەرە، نمایشکار و پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنییە، چەند ساڵێک لەگەڵ ئیلکای گوندۆگان لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بووە، ساڵی 2022 لەگەڵ یاریزانەکەی بارسێلۆنا ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.
 
هاوژینەکەی ئیلکای گوندۆگان، سەرسامە بە کەش و هەوا و جوانیی شاری بارسێلۆنا و یەکێکە لە هاندەرانی یانە ئیسپانییەکە، هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە پاڵ بە هاوژینەکەیەوە بنێت رووبکاتە ئەو یانەیە، لەکاتێکدا لە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەستەوارەی پێشکێشکرا و لە سعودیەش پارەیەکی زۆر بۆ گواستنەوەی ئامادەکرابوو، بەڵام گوندۆگان ویستی هاوژینەکەی بەلایەوە گرنگبوو و بڕیارییدا ژیانی داهاتووی بباتە بارسێلۆنا.
 
هەرچەند پێشتر سارا لە وەڵامی هاندەرانی یانەی مانچێستەر سیتیدا کە گوتبوویان تۆ بوویتە هۆکاری ئەوەی گوندۆگان لە یانەکەمان بڕوات، گوتبووی "من بەڕێوەبەری کارەکانی هاوژینەکەم نیم و هیچ پەیوەندییەکی وام بە تۆپی پێوە نییە، بۆیە تکایە ئەو دەنگۆیانە رابگرن." بەڵام میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ماوەی چەندین ساڵە ویستی هاوژینەکەی گوندۆگان ئەوەیە کە لە بارسێلۆنا بژین، دواجاریش بە ئاواتەکەی گەیشت."


 
دوای ئەوەی گوندۆگان چووە بارسێلۆنا، هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە لە سۆشیاڵ میدیادا ستایشی سارا عەرفاویی هاوژینی دەکەن و کۆمێنتی جیاوازی لەبارەوە دەنووسن.
 
هاندەرێک نووسیوویەتی "سارا شاژنە نوێیەکەمانە."
 
یەکێکی دیکە نووسیوویەتی "بەڕێزان ئێمە شاژنێکی نوێمان هەیە." کە مەبەستی لە هاوژینەکەی گوندۆگانە.

 
هاندەرێکی دیکەی یانە کەتەلۆنییەکە سوپاسی سارا دەکات و نووسیوویەتی "جەنابی شاژن، سوپاس بۆ خزمەتەکەت."
 
گرێبەستی گوندۆگان بۆ یانەی بارسێلۆنا بێبەرامبەرە، یاریزانەکە تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا واژۆکردووە و ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵی سێیەمی لەگەڵە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە 400 ملیۆن یۆرۆیە و مووچەی ساڵانەشی 9 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.