یەکەم پەیامی گوندۆگان دوای پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا

26-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئیلکای گوندۆگان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی و یاریزانی نوێی بارسێلۆنا، دڵخۆشیی خۆی بە پەیوەندیکردن بە یانەکە پێشاندا و دەڵێت "ناتوانم چاوەڕوانبم تاوەکو بەدرێسی یانەکەوە یارییدەکەم."
 
گوندۆگان ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر، لە یانەی مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا کرد.
 
دوای راگەیاندنی گرێبەستەکەی ئیلکای گوتی "لە منداڵییەوە خەونم ئەوەبوو بەدرێسی بارسێلۆناوە یاریی بکەم، ئێستا خەونەکەم بووە راستی، دەمەوێت هاوکاریی یانەکە بکەم بۆ ئەوەی بارسێلۆنا بگەڕێتەوە شوێنی ئاسایی خۆی."
 
یاریزانی نوێی بارسێلۆنا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ناتوانم چاوەڕوانبم تاوەکو بەدرێسی بارسێلۆناوە یارییدەکەم، من زۆر بەپەرۆشم، دەزانم بارسێلۆنا گوشارێکی زۆرلەسەرە، بەڵام من ئەو گوشارەم خۆشدەوێت و ئامادەم."
 
ئیلکای گوندۆگان زیاتر گوتی "یەکێک لە سەختترین پەیوەندییەکانی ژیانم ئەو پەیوەندییە بوو کاتێک بە پێپ گواردیۆلام گوت دەڕۆم، هەرگیز ئەو رۆژەم لەبیر ناچێت کاتێک لە دوایین وەرزدا لەگەڵ دۆرتموند نەشتەرگەری بۆ ئەژنۆم ئەنجامدرا و دەترسام مانچێستەر سیتی گرێبەستەکەم واژۆ نەکات و بکشێتەوە، بەڵام گواردیۆلا پەیوەندیی پێوە کردم و پێیگوتم نیگەران مەبە، هیچ ناگۆڕێت، ئێمە لە مانچێستەر سیتی تۆمان دەوێت، هەرچییەک بێت ئێمە چاوەڕێت دەکەین."
 
گوندۆگان سوپاسی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات و دەڵێت " "شانازی بوو بۆ من ماوەی 7 ساڵ لە مانچێستەر سیتی بووم، سوپاس بۆ پێپ کە هەلی ئەوەی پێدام لەژێر سەرپەرشتی ئەودا یاریی بکەم و ماوەیەکی زۆر لێیەوە فێرببم، سوپاس بۆ هەموو یاریزانانی پێشوو و ئێستای یانەکە، سوپاس بۆ هاندەرانی مانچێستەر سیتی، سیتی هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە، هیوادارم لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یەکدی یاریی بکەین."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە