مارسێلۆ پێشوازیی لە نادیە موراد کرد و خەڵاتی کرد

26-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نادیە موراد مارسێلۆ بەرازیل خولی بەرازیل فلومێنێنسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە بەرازیل سەردانی یانەی فلومێنێنسیی کرد و لە نزیکەوە چاوی بە مارسێلۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی فلومێنێنسی کەوت.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی فلومێنێنسی و باهیا لە رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی بەرازیل، نادیە موراد سەردانی یانەکەی کرد و لەنێو یاریگەی ماراکانا ئامادەی یارییەکە بوو، کە فلومێنێنسی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەو یانەیە، نادیە چاوی بە سەرۆکی یانەکە ماریۆ بینتێنکۆرت و یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی بەرازیل کەوت، کە مارسێلۆیە و پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو، ئێستاش لە یانەی فلومێنێنسی یارییدەکات.
 
مارسێلۆ درێسێکی ژمارە 12 کە خۆی ئەو ژمارەیە دەپۆشێت بە واژۆی خۆی و ناوی نادیە موراد پێشکێشی باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

 
یانەی فلومێنێنسی لەبارەی پێشوازییکردن لە نادیە موراد لەسەر ماڵپەری خۆی نووسیوویەتی "نادیە موراد لەلایەن ماریۆ بینتێنکۆرتەوە پێشوازیی لێکرا و خەڵاتێکی تایبەتی پێدرا کە لەسەری نووسراوە ئێمە مێژوویین و چالاکڤانەکە لە شوێنی تایبەتی یاریگەدا سەیری بردنەوەی یانەکەمانی کرد بەرامبەر یانەی باهیا."
 
نادیە موراد لەبارەی ئەو سەردانەی بۆ یاریگەی ماراکانا و چوونی بۆ سەیرکردنی یارییەکە بە ماڵپەری یانەی فلومێنێنسیی گوت "دەزانم وڵاتێکی دوورە، بەڵام لە عێراق بەهۆی تۆپی پێوە زۆر شت لەبارەی بەرازیلەوە دەزانین، پێشتر لەگەڵ براکانم سەیری یارییەکانی بەرازیلم دەکرد و دەزانم تۆپی پێ چۆن دڵخۆشی بۆ ئەو وڵاتانەی وەک عێراق دەهێنێت، کە هیچ شتێکی ئاوایان نییە، من زۆر شت بەهۆی تۆپی پێوە لەبارەی بەرازیل دەزانم و زۆر دڵخۆشم کە لێرەم و بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەیری یارییەکە دەکەم."




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە