فێرناندۆ سانتۆس: یارییەکەمان بەرامبەر بەلجیکا یاریی کۆتاییە

26-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێرناندۆ سانتۆس هەڵبژاردەی بەلجیکا
A+ A-

رووداو دیجیتال

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، رایگەیاند ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا دەکات، کاتێک رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەبێتەوە.

سبەی کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی بەلجیکا و پۆرتوگال لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2020ـدا، لەسەر یاریگەی لاکارتوخا لە شاری سێڤییای ئیسپانیا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

فێرناندۆ سانتۆس، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، باسی ئەو رووبەڕووبوونەوەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "دەبێت پرەنسیپەکانی خۆمان بپارێزین، گۆڕانکارییەکان بەپێی تێگەیشتنمان لە یارییەکە دەکەین و بەو پێیەی کە چۆن دەمانەوێت یاریی بکەین، دەبێت بیر لە خۆمان بکەینەوە، نەک تەنیا لە رکابەرمان".

سانتۆس لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "لە بەرامبەر فەرەنسا لەگەڵ جواو و رێناتۆ بڕیاری نوێکردنەوەی هێڵی ناوەڕاستی یاریگاکەماندا، دەبینین کە تیپەکەمان بەباشی پشووی داوە و تەنیا شەش یاریزانمان لە هەموو یارییەکەدا بەشدارییان کردووە، نازانین هەموو شتێک باشە یان نا، سبەینێ بڕیاردەدەین کام 11 یاریزان یاریی دەکەن و متمانەیەکی تەواوم پێیان هەیە".

ئەوەشی گوت "ئەم هەڵبژاردەیە 11 یاریزانی هەیە کە پێشتر لە پاڵەوانێتی ساڵی 2016 بوون، تازە نییە، هەمیشە یاریزانانی مەزن ئاماژەن بۆ ئەو گەنجانە".

گوتیشی " فەرەنسا و ئیتالیا بە چوار هیرشبەر یاری دەکەن، هیچ تیپێک بە پلانێکی دیاریکراو یاری ناکات، مەگەر بەو تایبەتمەندیانە یاریزانیان نەبێت".

راهێنەری پۆرتوگال، روونیشیکردەوە "من دەزانم لەم یارییانەدا، کە ئەمە یەکەم یاریی کۆتاییە، نابێت رووبەڕ بدەینە تیپی بەرامبەر، دەبێت باشتر بەرگری بکەین، بەباشی کۆنترۆلی تۆپەکە بکەین، پێموایە بە باشی یارییەکە دەکەین".

سانتۆس لە کۆتاییدا گوتیشی "بەلجیکا تیپێکی بەهێزە، یاریزانانی ماوەیەکی زۆرە پێکەوە یاریی دەکەن، وەک گوتم لە بەرگریدا لێکتێگەیشتنێکی باشیان هەیە و توانای داهێنانیان  هەیە، دەبێت گرنگی بە هەموو لایەک بدەین، بەڵام پێموایە ئێمە کاراتر دەبین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە