ڤیدیۆ؛ دوایین یاریی چاڤی و ماڵئاواییەکی ناشایستە

رووداو دیجیتاڵ

ئەو رۆژەی چاڤی هێرناندێز بووە راهێنەری بارسێلۆنا، هەمووان دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکیان دەهاتەوە بەرچاو، سیناریۆی دەرکەوتنی راهێنەرێکی مێژوویی و کاریگەر لە تۆپی پێدا، کە دواتر هێندە داهێنانی کرد، ناونرا فەیلەسووف، ئەوە پێپ گواردیۆلابوو، لەگەڵ دەرکەوتنی ناوی چاڤیدا، دیمەنەکانی سەرکەوتن و درەوشانەوەی ئەو لە مێشکی هەموواندا زیندوو دەبوونەوە.
 
چاڤی لەبەردەم کامێراکاندا، واژۆی لەسەر گرێبەستی پێشەوایەتیکردنی بارسێلۆنا کرد و باش دەیزانی، خەونی هاندەرانی یانەکە لەگەڵ ئەودا گەورە دەبن، بەڵام ئەوەشی لا روون بوو، نەدۆخەکە هەمان دۆخی هاتنی گواردیۆلا بوو، نەپێکهاتەکەی بەردەستی بەهەمان شێوە بوو، بەڵام ئەو لە کۆتاییدا بڕیاریدا لە قۆناخێکی ناسک و هەستیاردا، یانەکە لە کۆڵ بنێت.
 
ئەمڕۆ ئەگەرچی لە نێو هەمان یاریگەدا نابێت، بەڵام ئیدی ماڵئاوایی لە دوو ساڵ و نیو کارکردنی خۆی لەگەڵ یانەکە دەکات، دوو ساڵ و نیو کە پڕی هەڵچوون و داچوون، ئومێد و بێئومێدی، سەرکەوتن و شکست بوون.
 
چاڤی هێرناندێز، وەک یاریزان ئەفسانەیەکی مێژوویی بارسێلۆنا بوو، وا تەماشادەکرا کە دارێکی جادوویی پێیە و لەسەر هەر برینێکی دابنێت چاکدەبێتەوە و بەهەر ئاراستەیەکدا بەرزی بکاتەوە، دەبێتە ئاراستەی سەرکەوتن.
 
چاڤی سەرەتایەکی خۆش و پڕ لە ئومێدی لەگەڵ بارسادا هەبوو، بەڵام کۆتاییەک کە کەس حەز بەبینینی ناکات، کۆتایی چیرۆکەکە، جگە لە ئازاردانی ئەو، جگە لە دڵتووندبوونی هاندەرانی یانەکە، لەگەڵ دونیایەک ناکۆکی لە بارسادا، هیچی دیکەی لێبەرهەم نەهات.
 
ئەمشەو لە نێو سانچێز پیزخواندا، بارسا دوایین یاریی خۆی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا ئەنجامدەدات و کۆتایی بەسەردەمی چاڤی هێرناندێزیش دەهێنێت. ئەوە کۆتایی چیرۆکێک دەبێت کە هەندێک بۆنی ناهەقی و رێزنەگرتنی لێدەکەن و هەندێکیش دڵخۆشن بەوەی روویدا.
 
چاڤی وەک هەر راهێنەرێکی دیکە، لەسەر زەمینەیەک کاریکرد کە پڕی ئاڵنگاری و رووبەڕووبوونەوەی سەخت و دۆخی ئاوارتەبوو، ئاوارتە لە بێپارەیی بارسێلۆنا، لە کێشەی دارایی، لە گیرفان بەتاڵی و بێتوانایی لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی نوێ. 
 
هەروەکچۆن هەموو کات کەشتییەکان ئاراستە دروستەکە ناگرنە بەر، ئەگەرچی کاپتنەکەشیان لێهاتوو و ئەفسانەیی بێت، لە بارساش هەمان راستیی تاڵ بۆ چاڤی دووبارە بووەوە، راستیی ئەوەی کە مێژووی گەورەی چاڤی وەک یاریزان، نەیتوانی راستییە تاڵەکەی نێو یانەکە بگۆڕێت و ئەگەرچی کاری گەورەشی لە پێگەیاندنی یاریزانانی لاودا کرد و چەندین ئەستێرەی هێنایە تیپی یەکەمەوە، بەڵام نەیتوانی لە ململانێ لەگەڵ یانەکانی دیکەدا، ئەوە بەدەست بهێنێت کە هاندەران داوایاندەکرد.
 
چاڤی لە کۆتاییدا بەحەسرەت و جۆرێک لە دڵشکانەوە لە بارسێلۆنا دەڕوات، دڵشکان لەوەی هەموو شتی لەسەر ئەژمارکرا، بەڵام دۆخە خراپەکەی یانەکە لەبەرچاو نەگیرا.. داوای هەموو شتێکی لێکرا، بەڵام لانیکەمی داواکارییەکانیشی جێبەجێکران.