دوای رەخنە تووندەکانی.. مانچێستەر یونایتد ئامۆژگارییەکانی رۆناڵدۆ جێبەجێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

پێدەچێت کارگێڕیی نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد بە سەرۆکایەتی سێر جیم راتکلیف، بە وردی گوێیان لە ئامۆژگاری و رەخنە تووندەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی پێشووی تیپەکە گرتبێت، کە پێش رۆیشتنی بۆ یانەی نەسڕی سعودی، سەبارەت بە ناوەندەکانی مەشق و راهێنانەکان، ئاراستەی یانەکەی کردبوون.
 
رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینە بەنێوبانگەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەڤان پێرس مۆرگان لە ساڵی 2022 رەخنەی لە گەشەنەکردنی دامەزراوە و شوێنی مەشقەکانی یانەکەی گرت و گوتی "وەک پێش چەندین ساڵ ماونەتەوە".
 
کریستیانۆ ئەوکات گوتی "هیچ شتێک نەگۆڕاوە، شتێکی سەیریش تەنیا مەلەوانگە و جاکوزی نییە، بەڵکو تەنانەت هۆڵی وەرزش و تەنانەت چێشتخانە و چێشتلێنەرەکانیش، کە من پێزانینم بۆیان هەیە و کەسانی نایاب بوون، لە کاتی خۆیدا وەستاون. پێموابوو شتەکانی دیکە، تەکنەلۆژیا و ژێرخانی نوێ و گەشەسەندوو دەبینم، بەڵام بەداخەوە، من زۆربەی ئەو شتانە دەبینمەوە کە من لە تەمەنی 21، 22 و 23 ساڵیدا بیبینومن، و بەڕاستی ئەو شۆکی کردم".
 
بەگوێرەی رۆژنامەی تێلێگراف، داوا لە کارمەندانی مانچێستەر یونایتد کراوە شوێنی کارەکانیان لە کارینگتۆن چۆڵ بکەن، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی، کە کارەکان لەم هاوینەدا دەستپێدەکەن و تاوەکو وەرزی داهاتوو درێژدەبنەوە بۆ مۆدێرنکردنی بنکەی مەشق و راهێنانی یانەکە".
 
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارمەندەکان ئاگادارکراونەتەوە کە جانتا و پێداویستییەکانیان کۆبکەنەوە بەرلەوەی بچنە پشووی هاوینە، بۆ ئەوەی سوود لە کۆتایی وەرزی تیپەکە وەربگرن، بۆ ئەوەی یاریزانەکان بتوانن دووبارە ئامرازەکانی مەشق و راهێنان بەکاربهێننەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەرەپێدان پێش ئەوەی گەشتی ئامادەکاری بۆ ئەمریکا بکرێت".
 
لە راپۆرتەکەدا روونیکردووەتەوە "هەندێک لە کارمەندان لە بوارە جیاوازەکانی بنکەی مەشق و راهێنانەکاندا کاردەکەن، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنەکانی وەک ئۆڵدترافۆرد، ئەمەش ئەو گۆڕانکارییانە زیاتر دەکات کە لە دوای وەبەرهێنانی ئینیۆس لە یانە ئینگلیزییەکەدا روویانداوە".
 
نۆژەنکردنەوەی کارینگتۆن یەکێکە لە گۆڕانکارییە گرنگەکان لەوەتەی خاوەنی کۆمپانیای ئینیۆس سێر جیم راتکلیف وەبەرهێنانی لە یونایتد کردووە، 1.03 ملیار پاوەندی داوە بۆ چارەکێک لە پشکەکان لەگەڵ 237 ملیۆن پاوەندی دیکە بۆ خەرجکردنی ژێرخانی ئابووری وەک بەشێک لە پەرەپێدانی بنکەی مەشقەکان.
 
بە باشترکردن و پەرەپێدانی بنکەی مەشق و راهێنانەکان، دەتوانرێت ژمارەی پێوانەیی ترسناکی ئەم وەرزەی پێکان باشتر بکات، کە یانەکە بە 45 پێکانەوە لە پێشەنگی ریزبەندیی ئەو یانانەدایە کە تووشی زۆرترین پێکان بوونە.
 
مانچێستەر یونایتد لە وەرزێکی نەخوازراودا، باشترین ئاستی خۆی پێشکێشکرد، کاتێک لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرادا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی مانچێستەر سیتی بردەوە و رکابەرەکەی لە دووانەی ناوخۆیی بێبەش کرد.