وادەی راگەیاندنی گرێبەستی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید

26-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای راگەیاندنی بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمان، هەمووان چاوەڕێی وادەی پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکەن، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش وادەکەی ئاشکرادەکات.
 
ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، لەنوێترین پێشهاتدا دەڵێت "یانەی ریال مەدرید بە گرنگییەکی زۆرەوە خۆی بۆ راگەیاندنی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ ئامادەدەکات، یانەکە دەیەوێت لە دوای یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئەو گرێبەستە رابگەیێنێت."
 
بەپێی هەواڵەکەی رێلیڤۆ، یانەی ریال مەدرید دەیەوێت بە جوانترین شێوە ئاهەنگ بۆ پێشوازیکردن لە کیلیان ئێمباپێ بگڕێت، بە ئاهەنگێکی گەورەی هاوشێوەی هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە فەرەنسییەکە بە میدیا و هاندەرانی بناسێنێت.
 
ئێمباپێ شەوی شەممە دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامدا، یاریزانەکە 30ـی حوزەیرانی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، ئەو پێشتر رایگەیاندووە، ئەمە دوایین وەرزی یارییکردنی دەبێت بەدرێسی یانە فەرەنسییەکەوە.
 
پێشتر چەندجارێک پرسیار لەبارەی یانەی داهاتوویەوە لە ئێمباپێ کراوە، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "ئەوەی ئێستا دەیزانن ئەوەیە کە لە پاریس دەڕۆم، کاتێکی گونجاو دەزانن دەچمە کوێ و یانەی داهاتووم ئاشکرا دەکەم."
 
یانەی ریال مەدرید ئێستا خۆی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادەدەکات، کە رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لە وێمبڵی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند یاریی دەکات، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە راگەیاندنی گرێبەستی کیلیان دەکەوێتە دوای ئەو یارییە.
 
کیلیان ئێمباپێ بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "ئێمباپێ پاداشتێکی 100 ملیۆن یۆرۆیی لە یانەی شاهانە وەردەگرێت، لەبەرامبەر ئەوەی بێبەرامبەر پەیوەندیی بەو یانەیەوە کردووە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە