ڤیدیۆ؛ ئینتەرمەیامی بەبێ مێسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمەیامی، سەرەڕای ئامادەنەبوونی لیۆنێل مێسی، لویس سوارێز و سێرخیۆ بوسکێتس، سەرکەوتنێکی نوێ و سێ خاڵی تازەی بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی بەهێزی خولی نایابی ئەمریکیدا، ئینتەرمەیامی بووە میوانی یانەی ڤانکۆڤەر وایتکاپس و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە.
 
لە خولەکی سی و هەشتدا رۆبێرت تایلۆر گۆڵی یەکەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا جارێکی دیکە ئینتەرمەیامی دەستپێشخەربوو، کاتێک لیۆناردۆ کامپانا لە خولەکی پەنجا و چواردا گۆڵی دووەمی بۆ مەیامی تۆمارکرد.
 
ناوبژیوان لێدانێکی سزای لە بەرژەوەندی ڤانکۆڤەر هەژمارکرد، دوای ئەوەی بەرگریکاری ئینتەرمەیامی، تۆماس ئەڤیلێس سەرپێچییەکی لەنێو ناوچەی سزادا ئەنجامدا، و رایان گۆڵد لە خولەکی حەفتا و دوودا بەسەرکەوتوویی جێبەجێیکرد و گۆڵێکی بۆ ڤانکۆڤەر تۆمارکرد.
 
ڤاڤا پیکۆڵتی هێرشبەری ڤانکۆڤەر نزیکبوو گۆڵی یەکسانبوون بۆ یانەکەی تۆماربکات، مەگەر تۆپەکەی بەر ستوونی گۆڵی مەیامی کەوێت.
 
یارییەکە بە بردنەوەی ئینتەرمەیامی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهات، کە بەم سەرکەوتنە تیپەکە بە سی و چوار خاڵ لە شانزدە یارییدا لە پێشەنگی کۆمەڵەی رۆژهەڵات مایەوە. لە بەرامبەردا یانەی ڤانکۆڤەر وایتکاپس بە نۆزدە خاڵ پلەی حەوتەمی کۆمەڵەی رۆژئاوای بەدەستهێنا لە چواردە یارییدا.