یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گڕیگرت


رووداو دیجیتاڵ

یاریگەی سانتیاگۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ کە یاریگەی تایبەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە گڕیگرت و دووکەڵی ئاگرەکە بە ئاسمانی مەدیردی پایتەخت بەرزبووەوە.

وەکو لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، ئاگرەکە لەو بەشەی سەرەوەی یاریگەکە کەوتووەتەوە کە ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە. سانتیاگۆ بێرنابیۆ کە مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە، لەگەڵ دروستکردنی تایبەتکرا بە یانەی ریال مەدرید، هاوکات یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین یاریگەکانی ئەوروپا. 

هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە ئاشکرانەکراوە و دیارنییە بەڵام یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و فلۆرێنتۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەرفەتی لە قەیرانی کۆرۆنا قۆستەوە کە بووە هۆی ئەوەی هاندەران لە ئامادەبوون لەنێو یاریگەکان داببڕێن، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی ئەو یاریگەیە کرد کە جێگەی  81,044 کەسی تێدا دەبێتەوە.

بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، هۆکاری ئەم ئاگرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کرێکارەکان ماددەیەکیان بەکارهێناوە کە ماددەی لێکەرەوە و کیمیاوی بووە، بەهەڵە بەکاریانهێناوە و بووەتە هۆکاری کردنەوەی ئاگرەکە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بە ماوەی تەنیا چوار خولەک لەلایەن کرێکارەکانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ زەرەرێکی گیانی و ماددی نەبووە.

کەوتنەوەی ئاگرەکە بەسەر وەرزێکی بێبەرهەم بۆ یانەی ریال مەدرید دێت، یانە ئیسپانیەکە لە 2008ەوە یەکەمجارە بێ بردنەوەی هیچ نازناوێک پەڕاوی کێبکڕکێکانی بۆ ساڵی 2020-2021 دابخات، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە راهێنەرێکی لێهاتووی وەکو زینەدین زیدان سەرپەرشتی تیپێکی بەهێزی دەکرد.

ریال مەدرید لە پاڵەوانییەتی ئەوروپا بەر لە یاریی کۆتایی لەلایەن چێڵسی ئینگلیزی کە بە بلوز ناسراون، کرایە دەرەوە، لە خولی ئیسپانیشدا کە بە لالیگا ناسراوە، بە 84 خاڵ پلەی دووەمی مسۆگەرکرد و نازناوەکەی بۆ ئاتلەتیکۆ مەدرید بەجێهێشت کە بە 86 خاڵ بووە پاڵەوانی وەرزەکە.