لێستەر سیتی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی کورد بکات

رووداو دیجیتال

راپۆرته رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، ئاشکرایانکرد که کارگێڕیی یانەی لێستەر سیتی چاوی بڕیوەتە تواناکانی ئۆزان کاباکی بەرگریکاری یانەی شالکێی ئەڵمانی و دەیەوێت لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بکات.

ئۆزان محەممەد کاباک، تەمەن 21 ساڵ، یاریزانێکی بەڕەچەڵەک کوردە و خەڵکی ناوچەی دێرکی سەر بە شاری مێردینی باکووری کوردستانە، بەڵام لە ئەنقەرە لەدایکبووە، ئەو یاریی بۆ یانەی شاڵکێی ئەڵمانی دەکات.

پێکانی هەریەک لە ڤیرجل ڤان دایک، جۆیل ماتیپ و جۆی گۆمێز لە وەرزی رابردوودا، هەلێکی مێژوویی بۆ ئەو یاریزانە کوردە رەخساند بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی پاڵەوانی پێشووی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ و یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئەوروپا، جگە لەوەش لەژێر سەرپەرشتی یۆرگن کڵۆپ یاریی بکات.

 

یانەی لیڤەرپوول ئەو یاریزانە کوردەی بۆ ماوەی نیو وەرز بەشێوەی خواستن بردە ریزەکانی لەگەڵ بەدەستهێنانی مافی سەرپشکیی بۆ ئەوەی ئەگەر بیەوێت بەرامبەر 18 ملیۆن پاوەند گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵدا بکات، بەڵام لیڤەرپوول دواجار بڕیاریدا گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵ نەکات و گەڕایەوە ریزەکانی یانەی شالکێی ئەڵمانی، کە لەم وەرزەدا لە بوندێسلیگاوە دابەزی بۆ خولی پلەدووەکانی ئەڵمانیا.

بە قسەی پاتریک بێرگەر، گەورە پەیامنێری رۆژنامەی سپۆرت 1ـی ئەڵمانی، ئەو یاریزانە لەلایەن هەریەک لە یانەکانی لێستەر سیتیی ئینگلیزی و لایپزیگی ئەڵمانییەوە کراوەتە ئامانج.

بێرگەر باس لەوەش دەکات، کە ئەگەری ئەوە هەیە ئۆزان کاباک بچێتە ریزەکانی لێستەر سیتی، لەبەرئەوەی یانەی شالکێ لەم هاوینەدا پێویستی بە فرۆشتنی خێرا هەیە، بۆ دووبارە رێکخستنەوەی تیپەکەی و گەڕانەوە بۆ بوندێسلیگا.

کاباک پێشتر چەندجارێک رایگەیاندووە، بەهۆی کارەکانی باوکییەوە ژیانی منداڵیی لە یەک شوێن نەبووە، چونکە باوکی بەڕێوەبەری زیندان بووە و هەرجارەو لە شارێک کاری کردووە، بۆیە ئەوانیش هەرجارەو ماڵیان چووەتە شارێکی تورکیا.

ئۆزان تەمەنێکی بچووکی هەیە و کاروانی یارییکردنی لە یانەی گالاتەسەرای تورکی دەستپێکردووە، لە 2011 تاوەکو 2018 لەو یانەیە یارییکردووە، پاشان لە 2019 پەیوەندیی بە یانەی شتوتگارتی ئەڵمانییەوە کردووە، دوای ساڵێک یارییکردن لەو یانەیە ئۆزان دەبێتە یاریزانی یانەی شالکێ و 40 یاریی بۆ ئەو یانەیە ئەنجامداوە، بەر لەوەی نیو وەەرز بە خواستن بچێتە ریزەکانی لیڤەرپوول.

پێشتر ئەو یاریزانە کوردە بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە ئامانجی چەند یانەیەکی دیکەی ئەوروپا بوو، لەپێش هەمووشیانەوە هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئەیسی میلانی ئیتالی.

ئۆزان کاباک، لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی تورکیا، بۆ خوار 15 ساڵان، خوار 16 ساڵان، خوار 17 ساڵان، خوار 18 ساڵان یارییکردووە و لە 2019 بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی تورکیا بانگهێشتکرا و تاوەکو ئێستا 7 یاریی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە.