لێدوانی راهێنەرانی مانچێستەر یونایتد و ڤیاریال لەبارەی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ

26-05-2021
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن ئۆلێ سۆلشایەر ئۆنای ئیمیری
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گدانسک لە پۆڵەندا یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ لە نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و ڤیاریالی ئیسپانی بەڕێوەدەچێت.

یارییەکە بە ئامادەبوونی رێژەیەک لە هاندەران ئەنجام دەدرێت، کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو یانە قسەیان لەسەر یارییەکە و ئامادەباشی تیپەکانیان بۆ بردنەوەی یارییەکە و نازناوەکە کرد.

ئۆلێ سۆلشایەر، راهێنەری مانچێستەر یونایتد:

دەمانەوێت ئەم یارییە بکەینە بناخەی درووستکردنی داهاتوویەکی گەش، دڵنیام داهاتوو یانەکەمان گەش دەبێت، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا چەند یاریزانێکی باش و لاومان پێگەیاندووە، هیوادارم ئەم سەرەتای ئەم داهاتووە گەشەمان بێت، شەوێکی گەورەمان لە پێشە و دەمانەوێت چێژی لێببین.

کاتێک یاریزانان پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نازناو یاریدەکەن، ئاڵنگارییەکان قبووڵدەکەن بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشکێشبکەن، ئێستاش یانەکەمان باشترین یانەی جیهانە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەوە بزانین کە یاریکردن لە مانچێستەر یونایتد دەتخاتە ژێر پاڵەپەستۆ، بە یاریزانەکانم گوتووە تاوەکو دوایین ساتی یارییەکە بە باشترین ئاست دەرکەون و متمانەیان بەخۆیان هەبێت، ئەوانەی یاریش دەکەن دەبێت چێژ وەربگرن چونکە یاریکردن لە یاری کۆتاییدا زۆر جار روونادات.


ئۆنای ئیمیری، راهێنەری یانەی ڤیاریال:

بەربەستی یاری پێشکۆتایی یۆرۆپالیگمان بڕی، ئێستا کاتی یاری کۆتاییە، هەشت بە شانازی دەکەم و هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوەی یاری کۆتایی دەدەین، دەمانەوێت چێژ وەربگرین، ئێمە لە یانەکەماندا پرۆژەی تایبەتی خۆمان هەیە، یانەکەمان چوار جار گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی و ئێستاش کاتی دەستکەوتێکی دیکەیە ئەویش نازناوەکەیە، ئاستێکی باشمان لە یەکێک لە وەرزە قورسەکان پێشکێشکرد.

راستییەک هەیە و چەند مانگێک پێش ئێستا گوتوومە و نابێت خۆمان لێی بشارینەوە کە مانچێستەر یونایتد بەربژێری بەدەستهێنانی نازناوەکەیە، چونکە یاریزانانی باش لە یانەکەدا هەن و یانەکە خاوەن مێژوویەکی گەورەیە، بەڵام ئێمەش لێیانەوە دوورنین و بەربژێرین بۆ بردنەوەی یارییەکە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە