ڤیدیۆ؛ پاشای یۆرۆپالیگ یەکەم نازناوی لە مێژوودا بۆ ڤیاریال بەدەستهێنا

27-05-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال 

یانەی ڤیاریالی ئیسپانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، دوای ئەوەی بە لێدانی یەکلاکەرەوە شکستی بە یانەی مانچێستەر یونایتد هێنا.

لە فایناڵی یۆرۆپالیگدا و لە یارییەکی دراماتیکیدا، یانەی ڤیاریال یەکەم نازناوی لە مێژوویدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، کاتی ئاسایی یارییەکە بە یەکسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێک کۆتاییهات، دوای ئەوە پەنابرایە بەر لێدانی یەکلاکەرەوە و یانەی ڤیاریال بە ئەنجامی  11 بە 10 شكستی بە یونایتد هێنا.

ئیسپانییەکان پاشای یۆرۆپالیگن، لە نێویشیاندا ئۆنای ئێمری، کە بووە دووەم راهێنەر لە مێژووی خولەکەدا کە لەگەڵ زیاتر لە یانەیەک بووەتە پاڵەوان، ئێمری لە مێژوویدا چوار جار بووەتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ کە پێشتر سێ جار ئەم نازناوەی بۆ سێڤییا بردووەتەوە، پێشتر هیچ راهێنەرێک ئەو کارەی نەکردووە.

لە نیوەی یەکەمدا سەرەڕای ئەوەی کۆنتڕۆڵی یارییەکە بەدەست یانەی مانچێستەر یونایتدەوە بوو، بەڵام نەیانتوانی گۆڵ بکەن، ئەوەبوو لە خولەکی 30  جێرارد مۆرینۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ڤیاریال تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە سوودی یانەی مان یونایتد کۆتاییهات.

مۆرینۆ بەم گۆڵە ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ جۆزێپی رۆسی یەکسانکردەوە بە 82 گۆڵ وەک گۆڵکەری مێژوویی یانەی ڤیاریال، هەروەها بووە تاکە یاریزان لە مێژووی یانەکەیدا کە لە وەرزێکدا 30 گۆڵ تۆماربکات.

لە نیوەی دووەمدا ئیدینسۆن کاڤانی لە خولەکی 55  گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانە سوورەکەی شاری مانچێستەر تۆمارکرد، راوچییە ئۆرۆگواییەکە بووە بەتەمەنترین یاریزانی مێژووی یانەکەی کە لە فایناڵی خولێکی ئەوروپادا گۆڵ بکات کە تەمەنی 34 ساڵ و 100 رۆژە.

یارییەکە چووە گێمی زیادکراوەوە و یانەی ڤیاریال لە هەردوو گێمەکەدا ئاستێکی بەرزی نمایشکرد و توانی چەند هەلێک دروستبکات، بەڵام گۆڵیان بۆ تۆمارنەکراو یارییەکە چووە لێدانی یەکلاکەرەوە.

 


لە مێژوودا ئەم دوو یانەیە پێنج یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، لە چوار یاریی رابردوودا بەبێ گۆڵ یەکسانبووبوون، لەم یارییەشدا بە گۆڵێک یەکسانبوون، بەڵام بە ناچاری لێدانە یەکلاکەرەوەکان پاڵەوانی دیاریکرد و ڤیاریال بووە خاوەنی نازناوەکە کە یەکەمجاریان بوو لە مێژوودا ئەو کارە بکەن.

ئەوەی خۆشییەکانی یانەی ڤیاریال زیاتر و زیاتر دەکات ئەوەیە کە بۆ وەرزی داهاتوو دەتوانن لە قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا یاری بکەن، کە پێشتر ئەم یانەیە نەیتوانیبوو تەنانەت بلیتێكی یۆرۆپالیگیش بەدەستبهێنن، بەمەش لە وەرزی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکان پێنج یانەی ئیسپانی بەشداری دەکەن و ڤیاریالیش سەرۆکی یەکێک لە کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەبێت، لە شوێنی ئەوانیش یانەی سێلتا ڤیگۆی ئیسپانی بەشداری لە خولی کۆنفرانسلیگ دەکات کە خولێکی نوێی یۆفایە و ئەم وەرزە دەستپێدەکات و ئەو یانانەی کە خاوەنی پلەی حەوتەمی وڵاتەکانیانن بەشداری تێدا دەکەن.

ئیسپانییەکان لە مێژوودا 11 جار بوونەتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، چوار جاریان لەسەر دەستی ئونای ئێمری بووە، کە ئەو راهێنەرە بووە تاکە راهێنەری مێژووی خولەکە کە چوار جار ببێتە پاڵەوان پێش جیۆڤانی تراپاتۆنیی ئیتالی کەوت کە سێ جار ئەم نازناوەی بردبووەوە.

بۆ زانیاری: شارۆچکەی ڤیاریال ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا 50 هەزار کەسە، کە سەرجەم دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە لە نێو یاریگەی یانەی مانچێستەر یونایتد کە بە ئۆڵدترافۆرد ناسراوە جێگەیان دەبێتەوە !


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە