کۆرۆنا و بۆندێسلیگا

26-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بۆندێسلیگا
A+ A-

د.دلێر کوردە رواندزی

ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریەکی زۆر نێگەتیڤ و کەمەرشکێنی لە زۆربەی سێکتەرەکانی ژیان وەشاند و بەشێکیشی بەتەواوی ئیفلیج کردن، لەوانەش یارییە وەرزشییەکان بوون و بەدیاریکراویش تۆپی پێ.

تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی ترسناک بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا زۆر بە بەربڵاوی گەشەیکرد لە لایەنی زیادبوونی کێرڤی تووشبوان و مردووان بەتایبەتی لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا کە پێنج خولی تۆپی پێی بەهێزیان لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهانیشی تێدا بەڕێوەدەبرێت.

بەدڵنیاییش لەژێر ئەو هەڕەشانە هەموو چالاکییە وەرزشییەکانی تۆپی پێ وەستێنران بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن کە کارایەکی یاریدەدەری گەورەیە بۆ بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە نەخۆشییەکە.

وەستاندنی هەر پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا جگە لەوەی کاریگەریەکی خراپی هەبوو لەسەر دەروونی یاریزانان و ئیدارەی یانەکان و هاندەران و بینەرانی تۆپی پێ، بەدڵنیاییەوە چەندین لێکەوتەی ئابووری و دارایی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئاستی زەرەرمەندی بە ملیاران دۆلار دەخەملێنرێت، بەتایبەتی لە پرسی مافی پەخشکردن و پلیتی یارییەکان و سپۆنسەرکردن و یانیش شایستە داراییەکانی یاریزانان و دابەزینی نرخی بازاڕی گواستنەوەکان و سستکردنیشی تەنانەت زۆر یانە هەن لە ئەگەری بەردەوامی راگرتنی خولەکان تووشی مایەپووچبوونی تەواودەبن و ناتوانن مووچەی داشکاوی یاریزانانیشیان دابین بکەن.

لەو وڵاتانەی کەمێک زووتر بەربەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایان کرد بە بەرنامە، ئەڵمانیا بوو هەرچەندە لە ریزبەندی تووشبووان و حاڵەتی تۆمارکردن لەپێشەوە بوو، بەڵام بەهۆی رێکاری تەندروستی رێک و پێک توانیان لە ماوەیەکی کورتدا رێژەی قوربانیان کۆنترۆڵ بکەن، بەشێوەیەک رێژەکەی لەچاو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا کەمترە بەتایبەتی لە رووی مردنەوە، تەنانەت ئەڵمانیا توانی دەستی یارمەتی بۆ ئیتاڵیا و فەرەنساش درێژ بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە.

دوای ئەمە پەیتا پەیتا ئەڵمانیا لەژێر رێنمایی تەندروستی توند و گشتگیردا بەشی زۆری سێکتەرەکانی ژیانیان تا راددەیەک ئاسایی کردەوە، لەوانەش دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی تۆپی پێ بە کوڕان و کچانیش، دوای وەرگرتنی رەزامەندی حکومەتی ئەڵمانیا لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی وردی دەزگا پزیشکییەکانی ئەڵمانیا، دوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز رایەڵەی خولی ئەڵمانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ یانەکانی بەشداربووی بۆندێسلیگا 1 و 2 بەتایبەتی ئەنجامدا و بڕیاریاندا لە 16ی ئایار یارییەکان دەست پێبکرێنەوە بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر و بە رێکاری تەندروستی، کە خۆی لە 35 لاپەڕە دەدات و بەفەرمیش درایە یانەکان و ئیمزایان لەسەر کرد، هەمووشیان ئاگادارکرانەوە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەدا هەر حاڵەتێکی نەخوازراو رووبدات ئەوا دەستبەجێ یارییەکان دەوستێنرێن و پاڵەوان دیاری دەکرێت، ریزبەندەکانی 1 تاوەکو 4 دەچنە خولی یانە پاڵەوانەکان و ریزبەندی 17 و 18ش راستەوخۆ دادەبەزن بۆ بۆندێسلیگا 2 و پلەی 16ەمیش یاری پلەی ئۆف ئەنجام دەدات.

لە راستیدا زۆربەی ئەفسانە و رایەڵەی خولەکانی ئەوروپا و جیهان و فیفا و یوفاش دەستخۆشیان لە ئەڵمانیا کرد و بە هەنگاوێکی بوێرانە لەقەڵەمیاندا، رۆمەنیگە سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەڤانیدا بە شانازییەوە گوتی "من ئەڵمانیم و فەخر بەوە دەکەم هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەم، چونکە یەکەم وڵات بووین ئاڵای تەحەددامان بەرامبەر کۆرۆنا بەرزکردەوە".

دەستپێکردنەوەی یارییەکان لە ئەڵمانیا کاریگەری کردە سەر خولەکانی دیکەش، فشارێکی زۆریش لەسەریان دروستبووە، کە خولەکان دەستپێبکەنەوە تەنانەت تووڕەبوونێکی زۆر دروست بووە لە ناوەندەکانی راگەیاندنی وەرزشی لە فەرەنساش، کە پێیانوایە  پەلەکراوە  لەوەی پی ئێس جی کرایە پاڵەوان و پێیانوایە بڕیارەکە زووبوو، چاوەڕوانی زیاتری دەویست، بەدڵنیاییشەوە لەوانەیە خولەکانی دیکەش دەستپێبکەنەوە، بەڵام هەموویان دەکەونە مانگی حوزەیران، کە تا ئەوکاتە چوار گەڕی بۆندێسلیگا بەڕێوەدەچن.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو، یەکەم یاری بۆندێسلیگا دوای کەرەنتین بەهۆی کۆرۆنا دەستیپێکرد بریتیبوو لە یاری دێربی رۆر لەنێوان شاڵکێ و دۆرتمۆند، کە ژمارەی بینەرانی سەر شاشەی گەیاندە ملیارێک و دووسەد ملیۆن کەس و لەماوەی دوو گەڕیشدا یارییەکان فرە گۆڵ بوون و ئامادەگی جەستەیی یاریزانانیش لە ئاستێکی سەرووی مامناوەندی دەبینرا.

بەدڵنیاییەوە بەردەوامی دان بە راهێنانەکان کاریگەری باشی دەبێ لەسەر باشترکردنی لایەنی تەکنیکی و تەکتیکی یاریزانان و ئەمساڵیش وەک ساڵی رابردوو بۆندێسلیگا جۆریک لە کێبڕکێی تێکەوتووە کە ساڵی رابردوو تەنیا بایرن و دۆرتموند کێبڕکێیان دەکرد، بەڵام ئەم وەرزە بەتەواوی چوار یانە هیوایان هەیە ببن بە پاڵەوان و خۆشتان ئاگادارن چەند ساڵێکە رەخنە لەوە دەگیرێت کە بایرن دەستی بەسەر هەموو پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکانی ئەڵمانیادا گرتووەو بێهیواش بوونە لە دەرکەوتنی کێبڕکێکارێکی سەرسەختی بایرن، بەڵام ئەم وەرزە بەتایبەتی لە گەڕەکانی زستانەدا بایرن بەدەگمەن لە پلەکانی پێشەوە بینراوەو تا ئەوکاتەی هانزی فلیک کرایە راهێنەری بایرن و لەبەرامبەریشدا یانە رکابەرەکانی بایرن خاڵی زۆر ئاسانیان لەدەستداوەو دەیانتوانی بە ژمارەیەکی باش لە خاڵ پێش بایرن بکەونەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون،  تا ئێستا لە نێوان سێ یانەی ریزبەندی یەکەمدا خاڵێکی وا زۆر نییە، کە بڵێین خول بۆ بایرن یەکلابووەتەوە، بەتایبەتی دۆرتمۆند کە تەنیا 4 خاڵی جیاوازە.

ئەمڕۆش دێرکلاسیکێر بەڕێوەدەچێت لەنێوان دۆڕتموند و بایرن، کە لە ئەگەری دۆڕاندنی بایرن کێبڕکێیەکە زۆر تووند دەبێت و خزمەت بە یانەکانی لایپزیگ و لیڤەرکوزنیش دەکات، بەڵام ئەگەر بایرن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت جیاوازییەکە فراوانتر دەبێت و کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی بە هێمنی یارییەکانی داهاتووی ئەنجام بدات و خۆی ئامادە بکات بۆ یاری پێشکۆتایی پۆکاڵ و ئینجاش چاوەڕێ بکات لە چ کاتێکدا خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا  دەستپێبکاتەوە، کە یاری هاتنەوەی ماوە لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر چێڵسی کە لە ستامفۆرد برێدج بە 3 گۆڵی بێوەڵامی لێبردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە دۆرتموند تەنیا خولی ئەڵمانیای بەدەستەوە ماوە دەبێ زۆر بە جیددی هەوڵ بدات شکست بە بایرن بهێنێت و تۆڵەی چوارگۆڵە بێوەڵامەکەی گەڕی زستانەی لێبکاتەوە هەرچەندە دۆرتموند لەنێو یاریگەی خۆی یارییەکە بەبێ جەماوەر ئەنجام دەدات، بەدڵنیایی ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی ئەو یانەیە، چونکە جیاواز دەبوو دۆرتموند بەرامبەر 83 هەزار هاندەر لەنێو یاریگەی خۆی یاری ئەنجام بدات وەک لەوەی بێ هاندەر بێ.

ئێستا فۆکەسێکی زۆر لەسەر ئەم یارییە بەتایبەتی و خولی بۆندێسلیگا بەگشتی هەیە، لەکاتێکدا دێرکلاسیکێری پێش کۆرۆنا زیاتر لە ملیارێک بینەری هەبووە، ئەی دەبێ ئەمجارە لە غیابی خولەکانی دیکەدا چەند بینەری هەبێت؟

بەدڵنیایی ئەڵمانیا بەو هەنگاوەی کە نای مێژوویەکی پڕ لە سەروەری تۆمارکرد و ئەم دەستکەوتەشی دەخاتە سەر دەستکەوتە مێژووە زێڕینەکەی ئەم وڵاتە، لە هەموو بورەکانی ژیاندا، ئەوەی ئێمە وەک هاندەری ئەڵمانیا و یانەکانی داوا دەکەین لە دامو دەزگاکانی راگەیاندن ئەوەیە کە خولی ئەڵمانیا بێ نرخ نەکەن، چونکە دەزگای راگەیاندن نابێ موڵکی کۆمەڵێک کەس بن مادام فرە بینەری هەیە، بۆیە دەبێ گشتگیرتر بیر بکەنەوە، بەداخەوە هەندێک کەس کە خۆیان بە راگەیاندنکاری وەرزشی دەناسێنن لە رێگەی هەندێک گوتار و نووسینەوە  هەستی هاندەران  بریندار دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ پاشخانێکی تۆکمە و شارەزایان هەبێ لە مێژووی ئەڵمانیا و خولەکانیدا دێن هەڵسەنگاندنی بێ بنەما دەکەن.

راستە ئەڵمانەکان لەسەر ئاستی یانەکانی دا ماوەی چەند ساڵێکە دوورن لە دەستکەوتەکان لە خولە ئەوروپیەکان، بەڵام هەموو دەبێ لەوە حاڵی بن  کە مەدرەسەی تۆپی پێی ئەڵمانی تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە لەچاو مەدرەسەی وڵاتانی دیکەدا، ئەوان لە روانگەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی دەڕواننە تۆپی پێ، زیاتر لە بوارە ئابوورییەکەی کە ئێستا بووەتە بوارە باوەکە، بەداخەوەش هەندێک لە یانەکان ماوەی چەند ساڵێکە لە رێگەی گرێبەستی گرانبەها و پارە و مووچەی خەیاڵییەوە دەستەمۆی زۆربەی ئەستێرەکانی جیهان دەکەن بۆ کۆکردنەوەیان لە چەند یانەیەکی دیاریکراودا، کە کاریگەریەکی نێگەتیڤی کردووەتە سەر ئاستی لەدەستدانی جێژوەرگرتن لە تۆپی پێ.

لە کۆتاییدا دڵنیام لەوەی خواستی زۆربەمانە بەرامبەر شاشەکان دانیشین و یارییەکان بێبەرامبەر ببین و چێژی لێوەرگرین، جا چ دەوڵەمەند یان هەژار بێت، براوەبین و یانیش دۆڕاو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە