دەستەوارەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ سیلڤا


رووداو - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، دەیڤد سیلڤا، یاریزانی ئیسپانی نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەی مانچێستەر سیتی.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاندووە، سیلڤا دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەکەوە لە یاریی کۆتایی جامی ئینگلتەرا، بەرامبەر یانەی واتفۆرد ئەنجامدا، ئەو یاریزانە دەستەوارەیەکی گەورەی لە قەتەرەوە بەرامبەر 12 ملیۆن پاوەند پێشکەشکراوە و نزیکە لەوەی رووبکاتە ئەو خولە، بەبێ ئەوەی ناوی یانەکە ئاشکرابکرێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە ئەگەری رۆیشتنی دەیڤد سیلڤا لە مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی پرێمەرلیگ دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یوری تیلیمانس، یاریزانی بەلجیکی یانەی مۆناکۆ واژۆبکات، کە بەشێوەی خواستن لەم وەرزەدا یاریی بۆ یانەی لێستەر سیتی دەکرد.

تیلیمانس لەماوەی یارییکردنی بۆ لێستەر سیتی سەرنجی بەرپرسانی ئەو یانەیەی راکێشا و فۆکسز دەیەوێت بەشێوەی هەمیشەیی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی زە سەنیش، یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەیە 40 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی تیلیمانس، بۆ جێگرتنەوەی سیلڤا بداتە یانەی مۆناکۆ.