ڤیدیۆ؛ جامی ئیتاڵیا.. یوڤێنتوس دەیەوێت بەسەر پشتی ئینتەردا بگاتە یاریی کۆتایی

رووداو دیجیتاڵ

بۆ ئەوەی نازناوێکی دیکە بخاتە سەر ژمارە پێوانەییەکەی لە جامی ئیتاڵیادا کە 14 نازناوی هەیە، یوڤێنتوس چاوی لەوەیە ئەمشەو بەسەر پشتی ئینتەردا بگاتە یاریی کۆتایی و لەوێش خۆی نازناوەکە بەرز بکاتەوە.. بەڵام ئینتەرمیلان خەونێکی دیکەی هاوتای یوڤێی هەیە، خەونی بردنەوەی نازناوی ژمارە نۆی جامی ئیتاڵیا، کە دەیکاتە خاوەنی دووەم زۆرترین نازناوی جامەکە.
 
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا، پێکدادانی قورسی نێوان یوڤێنتوس و ئینتەرمیلان دەبێت، پاشئەوەی هەردوو یانە بە گۆڵێک لە یاریی یەکەمدا یەکسانبوون.
 
یوڤێنتوس تاوەکو ئێستا ئومێدەوارە تۆڵەی شکستی ساڵی رابردوو لە ئینتەرمیلان بکاتەوە، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا بە 2 - 4 گۆڵ، شکستی هێنا و نازناوەکەی لەدەستدا.. نازناوی جامی ئیتاڵیا بۆ هەردوو یانە، رزگارکەری وەرزی بێئومێدییە بەرامبەر سکۆدیتۆ کە هەردوو یانە زوو گۆڕەپانەکەیان بۆ ناپۆلی چۆڵکرد تا پاش ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، نازناوەکە بباتەوە.
 
ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس، تاوەکو ئێستا دوو یانەی نێو کۆی پێنج یانەی ئیتاڵیان کە ئەمساڵ دەیانەوێت شانازیی ئیتاڵییەکان لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا بپارێزن، لە کاتێکدا ئینتەر لە پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە، یوڤێنتوس لەپێشکۆتایی یۆرۆپالیگە.. 
 
یوڤێنتوس دڵخۆش و کاریگەرە بەوەی کە پانزە خاڵی شکێنراوی بۆ گەڕێنراوەتەوە و ئومێدی رکابەریکردن لەسەر کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووی بۆ گەڕاوەتەوە.. لە هەمان کاتدا ئینتەرمیلان هەمان ئومێدی هەیە.
 
لەوانەیە ئەم یارییە لەیاریی چوون بۆ یوڤێنتوس زەحمەتتر بێت کە لە یاری یەکەمدا و لە دوا خولەکەکاندا سەرکەوتنی لەدەستدا کاتێک رۆمیلۆ لوکاکو لە رێگەی لێدانی سزاوە ئەنجامی یارییەکەی بۆ ئینتەرمیلان یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە بۆ یوڤێنتوس، جیا لەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیەتی، بەدوور دانانرێ، هاندەرەکانی ئینتەرمیلان، وەک پەرچەکرداری ئەو هەڵسوکەوتانەی هاندەرانی یوڤێنتوس بەرامبەر لوکاکۆ ئەنجامیاندا لە یاریی چووندا، یاریزانەکانی بخرێنە ژێر گوشاری تووندی هاندەران و بەوەش دووچاری هەڵەی کوشندە ببنەوە.
 
لوکاکۆ چیرۆکی سەرەکیی نێو یەکسانبوونەکەی یاریی چوون بوو.. ئەو دوای دەرکردنی بەهۆی ئاهەنگگێڕانەکەیەوە بۆ گۆڵی یەکسانبوون.. لەلایەن ناوبژیوانەوە دەرکرا و دواتر مشتومڕ لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانە روویدا کە بووە هۆی دەرکردنی خوان کوادرادۆ و سەمیر هاندانۆڤیچیش.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا کە دەبوو لوکاکۆ بۆ یارییەکەی ئەمشەو رابگرێت، لە سزادانەکەی پاشگەزبووەوە پاشئەوەی روونبووەوە لوکاکۆ دروشمی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر بەکارهێنراوە و زۆر یاریزان و ئەستێرەی دیکەش، پشتگیرییان کرد. لە یارییەکەی ئەمشەودا، لوکاکۆ سەنتەری سەرنجەکان دەبێت، بەڵام بێگومان هاندەرانی نیرازۆری هانیدەدەن بۆ ئەوەی رێگەی بردنەوە بۆ تیپەکەیان، بەرامبەر خانمە پیرەکە، خۆش بکات.