سەرۆکی تۆپی پێی بەرازیل: چاوەڕێی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەبین

26-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل ریال مەدرید، کارلۆ ئەنچیلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیدینالدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئاشکرایکرد ئامادەیە چاوەڕێی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی بکات، بۆ ئەوەی دوا هەڵوێستی خۆی لەبارەی وەرگرتنی مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل، رابگەیێنێت.
 
ئیدینالدۆ ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی دڵخوازترین کەسە بۆ وەرگرتنی ئەرکی مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل. بەڵام چاوەڕوانییەکانی ئەوان بۆ کارلۆ، سنووری دەبێت.
 
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلدا، ئیدینالدۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، هیوادارە بەرلە رۆژی 25ی مانگی پێنجی ئەمساڵ، بتوانێ ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرا بکات، بەتایبەت کە ئەو کاتە، کاتی راگەیاندنی ناوی یاریزانە بەشدارەکانی هەڵبژاردەی بەرازیلە لە یارییە دۆستانەکانی ئەو مانگەدا.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە کە پێشتر چەندینجار ئاشکرایکردووە بەتواناکانی کارلۆ ئەنچیلۆتی سەرسامە و دەیەوێت ببێتە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی بەرازیل، گوتوویەتی، ئێمە دەمانەوێت هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ بژاردەی یەکەمی بەردەستمان کە کارلۆیە یەکلابکەینەوە، ئەوکات بیر لە پلان بی بکەینەوە.
 
پێشتر، ئەنچیلۆتی رایگەیاندبوو کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل پەیوەندییان پێوەکردووە بۆ مەشقدانی سیلیساو، بۆ شوێنگرتنەوەی تیتی راهێنەری دەستلەکارکێشاوەی هەڵبژاردەکە لە دوای چوونە دەرەوە لە قۆناخی هەشتی مۆندیالی قەتەر.
 
ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی پێشوودا گوتبووی، کاتێک دەزانم هەڵبژاردەی بەرازیل منیان دەوێت، ئەوە دڵخۆشم دەکات، بەڵام من ناچارم رێز لە گرێبەستەکەم لەگەڵ ریال مەدرید بگرم کە تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی 2024 بەردەوامە.
 
پێشبینیکراوە، کارلۆ لە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی مەشقدان یان رەتکردنەوەی هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرا بکات، لە کاتێکدا تیپەکەی تاوەکو ئێستا لەسەر نازناوی جامی شای ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ، رکابەرە.
 
میدیای بەرازیل دەڵێن، ئەگەر ئەنچیلۆتی مەشقدانی ریال مەدرید رەتبکاتەوە، بژاردەکان کورتدەبنەوە لە نێوان، فێرناندۆ دیگنیس، راهێنەری یانەی فلۆمینێنسی کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەگەڵ یانەکەیدا درەوشاوەتەوە، هەروەها ئاپیل فێرێرای پۆرتوگالی و راهێنەری یانەی پالمێراس، یان خۆرخی جیسوس، راهێنەری ئێستای یانەی فەنەربەهچەی تورکی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە