ڤیدیۆ؛ جۆ بایدن لەبەر وەرزش چەند کاژێرێک لە سیاسەت دوورکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکێشی یانەی تامپا بای لایتینگ کرد، بە بۆنەی ئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا بووەتە پاڵەوانی جامی ستانلی لە هۆکی سەر شەختە.
 
بایدن بۆ چەند کاژێرێک لە سیاسەت دوورکەوتەوە و لە کۆشکی سپی پێشوازی لە یانەی تامپا بای لایتینگی پاڵەوانی ئەمریکا لە یاریی هۆکی سەر شەختە کرد و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکێشی یاریزانەکانی کرد.
 
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێوڕەسمەکەدا بۆ پێکەنین چەند نوکتەیەکی لەسەر ستیڤن ستامکۆسی کاپتنی یانەی تامپا بای لایتینگ گوت، هەروەها باسی کۆششی خانمی یەکەمی ئەمریکا، جیل بایدنیشی کرد، کە ساڵی رابردوو خستیەگەڕ بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی گەورەی هاندان بۆ وەرگرتنی پێکوتەی دژ بە کۆرۆنا، کە هەڵمەتەکە هەر لەنێو یاریگەی لایتینگدا بەڕێوەچوو.
 
لەو رێوڕەسمەدا هەموو یاریزانانی یانەی تامپا بای لایتینگ بەشداربوون، بە 3 یاریزانە پیشەگەرە رووسییەکەشەوە، هەریەک لە ئاندرێ ڤاسیلڤسکی، نیکیتا کۆشیرۆڤ و میخائیل سێرغاشیڤ، کە رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە بردنەوەی نازناوەکە بۆ یانەکەیان.
 
هەروەها کۆمەڵێک یاریزانی پێشووی یانەکەش بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەی کۆشکی سپیدا کرد، کە ئێستا لە یانەکە رۆیشتوون یان وازیان لە یاریکردن هێناوە. 
 
یانەی ناوبراویش درێسێکی بەنێو بایدنەوە پێشکێشی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.