نۆیەر نوێی دەکاتەوە

رووداو - هەولێر

یانەی بایرن میونشن لەگەڵ مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی یانەکەی رێککەوتووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، یانەی بایرن میونشن نایەوێت گرێبەستی نۆیەر نوێبکاتەوە و دەیەوێت دەستبەرداری ببێت، بە هەمان شێوەش گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بەهۆی هێنانی گۆڵپارێزێکی نوێ بۆ یانەکە ئامادەنەبووە و گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

حەسەن ساڵح حەمیدزیچ بەڕێوەبەری وەرزشی یانە باڤارییەکە رایگەیاند، هەموو شتێک لەگەڵ نۆیەر کۆتاییهاتووە و هەردوولامان گەیشتووینەتە رێککەوتن، تەنیا چەند خاڵێکی کەمی گرێبەستە نوێیەکە ماوە و دواتر واژۆی لەسەر دەکەین.

بەپێی زانیارییەکان گرێبەستی نۆیەر بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو دەبێت و مووچەکەشی 12 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە.

لە گواستنەوەی زستانەی رابردوودا یانەی بایرن میونشن گرێبەستی لەگەڵ ئالێکساندەر نۆبڵی گۆڵپارێزی لاوی یانەی شالکێ واژۆکرد، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی نوێ ببێتە گۆڵپارێزی یانەکەیان، ئەمەش وای لە نۆیەر کرد تووڕە بێت و گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە.