رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە، یاسین کۆیچۆی پاسەوانی تایبەتی لیۆنێل مێسی، مشتومڕی رووبەڕووبوونەوەی زۆرانبازیی لەگەڵ لۆگان پاوڵی یوتیوبەر و ئەستێرەی زۆرانبازیی ئازاد دروستکردەوە و رایگەیاند، دەبێ شەڕەکە ئەنجام بدرێت و من لەبری مێسی، زۆرانبازییەکە دەکەم.
لۆگان پاوڵ، یوتیوبەر و ئەستێرەی زۆرانبازی ئازاد، کە خاوەنی براندی 'پرایم'ی تایبەت بەخواردنەوەی وزەبەخشە، لەماوەی رابردوودا سکاڵای لەسەر لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی تۆمارکرد، بەهۆی براندی 'ماس پڵەس'ی خواردنەوەی وزەبەخشەوە، کە مێسی خاوەندارێتی دەکات.
لۆگان دەڵێ، مێسی لە بەرهەمە وزەبەخشەکەیدا، سوودی لە پرایم وەرگرتووە و هەموو شتێکی کۆپی کردووە. هەربۆیە لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و بەمەرجێک ئامادەیە سکاڵاکە بکێشێتەوە، ئەگەر مێسی لە زۆرانبازییەکدا لەگەڵی رووبەڕوو ببێتەوە.
یاسین کۆیچۆ کە پاسەوانی تایبەتی مێسی و خێزانەکەیەتی لە ئەمریکا و لە هەموو شوێنێک لەگەڵیاندا دەردەکەوێت، کە پێشتر رایگەیاندبوو، لەبری مێسی رووبەڕووی پاوڵ دەبێتەوە، لە نوێترین گرتەی ڤیدیۆییدا جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو لەبری مێسی، دەچێتە زۆرانبازییەوە لەگەڵ پاوڵ.
یاسین گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە کە جارێکی دیکە وەڵامی پاوڵ دەداتەوە و دەڵێ، "ئیدی گەڕانەوە نییە و دەبێت شەڕەکە ئەنجام بدەین".
یاسین درێژەی داوەتێ و دەڵێ، "زۆرجار لە سۆشیال میدیاوە و هەروەها و لەشوێنی جیاواز، خەڵک رامدەگرن و پێم دەڵێن دەبێ شەڕەکە ئەنجام بدەیت، هەر بۆیە دەبێ من شەڕەکە ئەنجام بدەم".
یاسین لە کۆتایی گرتە ڤیدیۆییەکەیدا، خواردنەوە وزەبەخشەکەی تایبەت بە لیۆنێل مێسی دەخواتەوە کە براندی 'ماس پڵەس'ە.
تاوەکو ئێستا، پاوڵ وەڵامی یاسینی نەداوەتەوە، بەڵام نزیکەکانی ئەو زۆرانبازە پێشبینی دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا وەڵام بداتەوە و بۆچوونی خۆی لەبارەی شەڕەکەوە لەگەڵ یاسین ئاشکرا بکات و دوورنییە وادەی ئەنجامدانی زۆرانبازییەکەش ئاشکرا بکات.
یاسین کۆیچۆی پاسەوانی مێسی، لەشولارێکی وەرزشیی سەرنجڕاکێشی هەیە و لە هەندێک گرتەی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە مەشقی رۆژانەی تووند لەسەر پەرەپێدانی توانا جەستەییەکانی خۆی ئەنجام دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ