وردەکاریی گرێبەستی ریال مەدرید لەگەڵ ئەلیکساندەر ئارنۆڵد

26-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ لالیگا خشتەی یارییەکانی لالیگای 2024-2025 ئەلیکساندەر ئارنۆڵد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان وردەکاریی گرێبەستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەگەڵ ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکەری باڵی لیڤەرپوول ئاشکراکرد، پاشئەوەی دەنگۆکانی گرێبەستکردنی نێوان هەردوولا، باڵی بەسەر مانشێتی میدیاکاندا کێشا.
 
سەرچاوەکان لە دوو رۆژی رابردوودا، دووپاتیانکردەوە ریال مەدرید لەگەڵ ئارنۆڵد رێکەوتنی کردووە و ئەو یاریزانە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بەیانەی شاهانەوە دەکات. لە کاتێکدا گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا نوێی نەکردووەتەوە.
 
ئارنۆڵد بەبێبەرامبەر روو لە ریال مەدرید دەکات. سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵە، گرێبەستێکی پێنج ساڵی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە و مووچەی هەفتانەی لە یانە نوێیەکەی 285 هەزار دۆلار دەبێت.
 
ئارنۆڵد، پێشتر وەک سەرچاوەکان دەڵێن، دەستەوارەی چەندین یانەی رەتکردووەتەوە، بەتایبەت کە ئەو هەرزوو بڕیاریداوە لەپاش چوونە دەرەوە لە لیڤەرپوول، پەیوەندی بەریال مەدریدەوە بکات.
 
ئارنۆڵد کە دەرچووی ئەکادیمیای لیڤەرپوولە، لە ساڵانی رابردوودا چەندین نازناوی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە، لەنێویاندا چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ، ئێف ئەی کەپ و مۆندیالی یانەکان.
 
ئارنۆڵد یەکێکە لە سێ یاریزانی سەرەکیی پێکهاتەکەی لیڤەرپوول کە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکەدا کۆتایی دێت. سێ یاریزانەکە بریتین لە محەممەد سەڵاح، ڤێرجل ڤان دایک و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد.
 
تاوەکو ئێستا، هیچ لایەنێک بەفەرمی دەنگۆکانی ئەو رێکەوتنەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە