ریال مەدرید گرێبەستی ئەستێرەیەکی لاو نوێدەکاتەوە

26-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن راول ئاسێنسیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرەیەکی لاوی تیپەکەی نزیکبووەتەوە و دەیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لای خۆی بهێڵێتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ راول ئاسێنسیۆ، بەرگریکاری لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەکەی گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستی یاریزانەکە تاوەکو ساڵی 2029 نوێبکاتەوە.
 
رۆژنامەی مارکا دەڵێت "هەموو شتێک لەسەر رێککەوتنی هەردوولا تەواو بووە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە بۆ ئەوەی گرێبەستە نوێیەکەی بۆ چوار وەرزی داهاتوو رابگەیێنرێت.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە مووچەی یاریزانەکە بۆ 6.2 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە و لەگەڵیدا چەند پاداشتێکی دەداتە ئەو یاریزانە کە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی دەگاتە 9 ملیۆن یۆرۆ.
 
بەپێی سەرچاوەکان، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەش دەستکاری دەکرێت، کە ئێستا 50 ملیۆن یۆرۆیە و لەسەر ئەوەش رێککەوتن کراوە.
 
ئاسێنسیۆ تەمەنی 22 ساڵە، یاریزانی تیپی کاستیا مەدریدە، ئەنچێلۆتی بەناچاری ناوی خستە نێو لیستی یاریزانانی تیپی یەکەمی یانەکە و لە پڕێکدا تەقییەوە و بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات.
 
هەفتەی رابردوو یاریزانەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بانگهێشتکرا و لە یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر هۆڵەندا لە قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگدا ناوی لەنێو لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەدا بوو، بەڵام یاریی پێنەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە