نرخی یاریزانێکی نەناسراوی تەمەن 19 ساڵ گەیشتووەتە 100 ملیۆن

26-03-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن تایلەر دیبلینگ مانچێستەر سیتی تۆتێنهام بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تایلەر دیبلینگ، ئەستێرەی لاوی یانەی ساوسامپتۆن، لەلایەن گەورەکانی پرێمەرلیگەوە داواکراوە و یانەکەی داوای 100 ملیۆن پاوەند دەکات بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە.
 
تایلەر دیبلینگ، ئەو ئەستێرە لاوەی ساوسامپتۆن، کە بووەتە باسی میدیاکان لە ئینگلتەرا، تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، بەڵام بە ئاستە ناوازەکەی هەمووانی سەرسام کردووە. دیبلینگ بە تاکە ترووسکایی رووناکی لە پێکهاتەی ئەو یانەیە و ئاستی خراپی تیپەکە لە وەرزی ئەمساڵدا دادەنرێت.
 
یانەی تۆتێنهام بەشێوەیەکی فەرمی دێبلینگیان وەک ئامانجی سەرەکیی خۆیان داناوە و تەنانەت لە گواستنەوەی زستانەدا پرسیان بە یانەی ساوسامپتۆن کردووە دەربارەی نرخ و شێوازی گواستنەوەی یاریزانەکە.
 
بەهەمان شێوە، یانەی مانچێستەر سیتی لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئەو ناوەڕاستکارە ئینگلیزییە و دەکرێت وەک شوێنگرەوەیەکی دی بڕۆین، لە مەودای دووردا کاری لەسەر بکرێت.
 
ئەو یاریزانە لە ئەڵمانیاوە داواکراوە، ئەستێرە ئینگلیزییەکە ئامانجی هەردوو یانەکانی بایرن میونشن و لایپزیگە و دەیانەوێت دیبلینگ ببەنە بۆندێسلیگا.
 
سەرەڕای گرنگیدانی ئەو یانانە، یانەی ساوسامپتۆن بە نرخێکی خەیاڵی، هەمووانی شۆککردووە و بووەتە جێگەی سەرسووڕمان، ئەو یانەیە داوای 100 ملیۆن پاوەند دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە تایلەر دیبلینگ.
 
تایلەر دیبلینگ لەدایکبووی ساڵی 2006ە و تەمەنی 19 ساڵە. ناوەڕاستکارە و لە باڵەکانیش یارییدەکات، ئەو یاریزانە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە پەیوەندی بە ئەکادیمیای ساوسامپتۆنەوە کردووە، ساڵی 2022 روویکردە ئەکادیمیای یانەی چێڵسی، بەڵام لە هەمان ساڵدا گەڕایەوە یانەی ساوسامپتۆن و لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بوو و ساڵێک دواتر، ئەو یاریزانە بەرزکرایەوە بۆ تیپی یەکەمی ئەو یانەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی، خوار 16 ساڵ، خوار 17 ساڵ، خوار 18 ساڵ، خوار 19 ساڵ و خوار 21 ساڵی ئینگلتەرا یاریکردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە هەڵبژاردەی یەکەمی ئەو وڵاتە.
 
لەم وەرزەی پرێمەرلیگ، دیبلینگ، 25 یاری ئەنجامداوە، بەڵام بەڕێژەی 59٪ی یارییەکان سەرەکی بووە، بەڵام دیبلینگ لەو یارییانەدا تەنیا 2 گۆڵی تۆمارکردووە و هیچ ئەسیستێکی نەکردووە.
 
یانەی ساوسامپتۆن لە پلەی بیستەمی پرێمەرلیگە و نزیکە لەوەی ماڵئاوایی لە خولەکە بکات، ئەو یانەیە لەم وەرزەدا، تەنیا 9 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێدەچێت وەرزی داهاتوو لە خولی چامپیۆنشیپ یاریی بکات، هەر لەبەرئەوەشە یانەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزنەوە و تایلەر دیبلینگ ببەنە ریزەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە