ڤیدیۆ؛ عێراق خراپ دۆڕا و ڤیدیۆیەکی ئاکام هاشم هەرای نایەوە

26-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئاکام هاشم
ئاکام هاشم
نیشانەکردن ئاکام هاشم پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دۆڕا و ڤیدیۆیەکی ئاکام هاشم لە دوای یارییەکە هەرای نایەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.
 
لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئوردن بووە میوانی هەڵبژاردەی فەلەستین و یارییەکەی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاند.
 
لە خولەکی 34 ئەیمەن حوسێن گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەکە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەڵبژاردەی فەلەستین ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە خولەکی 88 ویسام ئەبو عەلی ئەنجامەکەی بۆ هەڵبژاردەکە یەکسانکردەوە.
 
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا، عەمید مەهاجنە گۆڵێکی مێژوویی بۆ هەڵبژاردەی فەلەستین تۆمارکرد، یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بۆ فەلەستین کۆتاییهات و عێراق سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا.
 
ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی بەشداریکردنیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، فەلەستین لە یارییەکەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت.
 
دوای یارییەکە دەنگی ناڕەزایەتیی عێراقییەکان بەرزبووەوە و داوای دوورخستنەوەی خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەکەن، بەڵام راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت "دەستلەکارناکێشمەوە و ئەگەر یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئەو بڕیارە دەدات با بیدات."
 
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێن "بڕیاری دوورخستنەوەی خیسوس کاساس دراوە، تەنیا ماوە بەفەرمی رابگەیێنرێت."
 
ئەوەی هەرایەکی زۆری نایەوە، ڤیدیۆیەکی ئاکام هاشم، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بوو کاتێک لەلایەن پاسی هەڵبژاردەکەوە بەجێهێڵدرا.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، ئاکام هاشم، بەرگریکاری کوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ماددەی وزەبەخش بانگهێشتدەکرێت و ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، بەڵام کاتێک لە ژووری پشکنین دەگەڕێتەوە دەبینێت، پاسی هەڵبژاردەی عێراق یاریگەی بەجێهێشتووە و کەس لەوێ نەماوە.
 
ڤیدیۆکە دەستاودەستی زۆری پێکرا، لە سۆشیاڵ میدیادا هەرای نایەوە، ئەو هاندەر و رۆژنامەڤانە ئوردنیانەی لە دوای یارییەکە لە شوێنەکە بوون هاوکاریی ئاکام هاشمیان کردووە و پەیوەندیان بە یەکێتی تۆپی پێی عێراقەوە کردووە کە ئەو یاریزانەیان بەجێهێشتووە.
 
یەکێک لەو کەسانەی لە شوێنەیە بە دەنگی بەرز دەڵێت "ئابڕووچوونێکی گەورەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و ئەمە تەنیا لە عێراق هەیە."
 
ڤیدیۆکە لە پەیجەکانی رووداو سپۆرتس بڵاوکرایەوە و سەتان هەزار بینەریان هەبووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە