بارسێلۆنا دەیەوێت بە گەورەترین گرێبەست وەڵامی چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید بداتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا کار بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە دەکات و بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بەنێوبانگ دەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەکە بەردەوامدەبێت، دوای ئەوەی دەستەوارەیەکی 100 ملیۆن یۆرۆیی لە سعودیە رەتکردەوە، بەڵام بۆ وەرزی دوای ئەوە تەمەنی یاریزانەکە دەبێتە 37 ساڵ و ئیدی کارگێڕیی یانەکە بیر لە جێبەجێکردنی پلانی نوێ دەکاتەوە، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندە.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "بارسا لە کاتێکدا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ هالاند دەکاتەوە، هاوینی 2025 ئەگەری هەیە یاریزانەکە بەهۆی ئەگەری سزادانی یانەکە بەهۆی دەرچوون لە یاساکانی یاریی خاوێن سزابدرێت، جگە لەوەش پێپ گواردیۆلا، گرێبەستەکەی لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و ئەگەری هەیە لە یانەکە بڕوات."
 
بارسێلۆنا بۆ یەکلاکردنەوەی کارەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە، دەیەوێت سوود لە بەهێزی پەیوەندیی نێوان خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە و رافایێلا بێمنتا، بەڕێوەبەری کارەکانی هالاند وەربگرێت.
 
بلاوگرانا لە دۆخێکی ئابووری خراپدایە و دەیەوێت ئابوورییەکە بەرەو باشتر ببات، بەتایبەت دوای ئەوەی کارەکانی یاریگەی کامپ نو تەواو دەبن، دەکرێت یانەکە داهاتێکی باشتری دەستبکەوێت.
 
بەپێی هەواڵەکەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، رۆژی 29ـی شوباتی رابردوو، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی هالاند کۆبووەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە کردووە و یەکێکیان داهاتووی هالاند بووە.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "ئەگەر هالاند لە هاوینی 2025 ناچاربێت لەنێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا بارسێلۆنا هەلێکی زیاتری لەبەردەمە."
 
هەلی زیاتری بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە، کە یاریزانە دەزانێت لە یانە کەتەلۆنییەکەدا دەبێتە ئەستێرەی یەکەم لەکاتێکدا یانەی شاهانە نزیکە لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ.
 
لە کۆتایی هەواڵەکە موندۆ دیپۆرتیڤۆ نووسیوویەتی "هالاند بە پۆشینی درێسی بارسێلۆنا و بوونی ئێمباپێ لە ریال مەدرید، مێژوو دووبارە دەکاتەوە و جارێکی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانە هاوشێوەی سەردەمی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهێز دەبێتەوە."
 
هالاند گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2027 تەواو دەبێت و ئێستا نرخەکەی لە بازاڕدا 180 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەندێک لە گرێبەستی یاریزانەکەدا هەیە رێگەی دەدات بڕوات.
 
پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی هالاند لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە گوتبووی "هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم یاریزانەکەدا کراوەن و ئەگەر پێویست بە گۆڕانکاری بکرێت، دەکرێت."