ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی عێراق بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد

26-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر هەڵبژاردەی فلیپین تۆمارکرد و چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی پاڵاوتنە هاوبەشەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027، هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی فلیپین و یارییەکەی بە ئەنجامێکی گەورە بە 5 گۆڵی بێبەرامبەر لە میواندارەکەی بردەوە.
 
دوای 14 خولەک یارییکردن، ئەیمەن حوسێن کە لە یاریی رابردوو بەهۆی راگیرانەوە یاریی نەکرد، گۆڵی یەکەمی بەلێدانی سزا بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 30 ئەمیر عەماری، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی هەڵبژاردەی عێراقی تۆمارکرد.
 
پاشان لە خولەکی 36 ئەیمەن حوسێن، گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی عێراق کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، هەڵبژاردەی عێراق درێژەی دایە ئاستە بەرزەکەی و لەسەر هێرشەکانی بەردەوامبوو.
 
لە خولەکی 62 زیدان ئیقبال، بەلێدانێکی بەهێز بۆ جاری چوارەم تۆڕی هەڵبژاردەی فلیپینی هەژاند.
 
زەید تەحسین، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق لە خولەکی 77 گۆڵی پێنجەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و عێراق یارییەکەی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بە سەرکەوتنێکی گەورەوە لە مانێلاوە دەگەڕێتەوە بەغدا.

 



هەڵبژاردەی عێراق چوارەم بردنەوەی لەسەریەکی لە پاڵاوتنەکاندا تۆمارکرد و دوای بردنەوەی ئەم یارییە، بەشێوەیەکی فەرمی گەیشتە جامی ئاسیای 2027 کە رکابەرییەکانی لە سعودیە بەڕێوەدەچن.
 
عێراق لە 4 یارییدا، سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 1 گۆڵی لێکراوە و لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی شەشەمەمدا خاوەنی 12 خاڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە