ئینگلتەرا میوانداریی بەلجیکا دەکات و ئەڵمانیا بردنەوەی لە هۆڵەندا دەوێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای شکست بەرامبەر بەرازیل لە یاریی دۆستانەی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئینگلتەرا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگیی دەدات و وێمبڵی دەبێتە شانۆی بەیەکگەیشتنی ئینگلتەرا و بەلجیکا لە یارییەکی دۆستانەدا.
 
ئینگلتەرا و بەلجیکا سەرکەوتنیان بۆ یۆرۆ مسۆگەرکردووە، راهێنەرانی هەردوو هەڵبژاردە هەڵوەستە لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئەو پێکهاتانە دەکەن کە بڕیارە هاوینی داهاتوو بیانبەنە یۆرۆی داهاتوو.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە یارییەکەی بەرازیلدا کەوتە بەردەم پەرچەکرداری تووند و ویستی گەورەی بەرازیلییەکان بۆ بردنەوە و ئەوەش بۆ هاندەرانی ئینگلتەرا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نەبوو کاتێک لە وێمبڵیدا دووچاری شکست بوون.
 
لە یارییەکەدا دیکلان رایسی ئەستێرەی ئارسیناڵ، یاریی ژمارە پەنجام بەدرێسی سێ شێرەکەوە ئەنجامدەدات و وەک پاداشتی ئەو بەشدارییە، کاپتنی هەڵبژاردەکەی دەبێت.
 
دیکلان رایس، کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، نازانێ چۆن گوزارشت لە هەستەکانی بکات، ئەو دەڵێ" بەڵێ، تەماشاکەن راشکاوانە بڵێم توانای قسەکردنم نییە، وشەکان بەهانامەوە نایەن. کاتێک راهێنەر دوێنێ شەو پێیگوتم من کاپتن دەبم، باوەشم پێداکرد و دەستیم گوشی و گوتم زۆر سوپاس. ئەو لەماوەی بوونم لە هەڵبژاردە زۆر شتی بەمن بەخشیووە. ئەو هەمیشە هاوکارییکردووم و پێموایە من لە ماڵی خۆمم. هەموو کات هەستبەئارامی دەکەم کاتێک لەژێر دەستی ئەودا یاریی دەکەم".
 
یارییەکی دیکەی دۆستانەی سەرنجڕاکێش، لە دۆیچە بانگ پارک، لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە و هۆڵەندا کۆدەکاتەوە. ئەڵمانییەکان پاش سەرکەوتن بەسەر فەرەنسادا، هیواخوازن ئەمشەو شۆککردنی گەورەیەکی دیکە لەسەردەستی هەڵبژاردەکەیان ببین.
 
ئەڵمانیییەکان ساڵانێکی زۆرە هێندەی ئێستا دڵیان بەئاستی هەڵبژاردەکەیان خۆشنەبووە، سەرکەوتنەکە بەسەر فەرەنسادا بیرکردنەوەی هەمووانی بەگەشبینی داگیرکردووە، بەڵام یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر هۆڵەندا، پێویستە وێستگەیەکی دیکەی دڵنیایی بەخش بێت، بۆ هاندەرانی مانشافت.
 
یولیان نایگێلسمان راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "ئاسانە لە یەک یاریدا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنیت، بەڵام لە کۆتاییدا کارەکە پەیوەستە بەبەردەوامبوون لەسەر هەمان ریتم. پێشتر من گوتم کە نامەوێت دوای هەڵاوزەنای هیستریای بردنەوە لە فەرەنسا بکەوم، بەڵام هەوڵیش نادەم سنوور بۆ دڵخۆشییەکان دابنێم، گرنگە ئێمە لەسەر هەمان ریتم بەردەوام بین".
 
لە فەرەنسا، دیدێ دیشان و یاریزانەکانی هەوڵدەدەن نیگەرانیی هاندەرەکانیان بڕەوێننەوە و بەشێک لە توانا راستەقینەکەی خۆیان پێشان بدەنەوە کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی یارییدەکەن.
 
فەرەنسا کە بەهێزترین بەربژێری بردنەوەی نازناوی یۆرۆی داهاتووە و خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێز و زۆر تۆکمەیە، لە یارییەکەی ئەمشەویشدا پێویستی بەتاقیکردنەوەی توانای هەندێک یاریزانی دیکەی لاوی هەیە کە دەکرێ لە یۆرۆدا بۆشایی زۆر بۆ دیدێ دیشانی راهێنەر پڕ بکەنەوە.