رۆدیگێر بە لایەنگری داعش تۆماتبار دەکرێت

26-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی هەرایەکی گەورە دەنێتەوە و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە 'لایەنگری داعش' نێودەبات. یاریزانەکە و یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیاش سکاڵای یاسایی لە دژی تۆماردەکەن.
 
ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رۆژی 11ـی ئادار وێنەیەکی خۆی لەسەر بەرماڵی نوێژ بڵاوکردەوە، کە پەنجەی دەستی راستی ئاراستەی ئاسمان دەکات لەگەڵ سڵاوێک بۆ مانگی رەمەزان.
 
دیارە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر یەکێکە لە یاریزانە موسڵمانەکانی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
 
ئەم وێنەیە کاردانەوەی رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی بە ناوی جولیان درێشڵت بەدوای خۆیدا هێنا، و بەهۆیەوە تۆمەتێکی گەورەی دایە پاڵ بەرگریکارەکەی ریال مەدرید.
 
جولیان رایشڵت لەسەر پلاتفۆرمی X نووسیویەتی "سڵاوی رۆدیگێر سڵاوێکی ئیسلامییە و دەستوور ئەم ئاماژەیە بە "پەنجەی داعش" نێودەبات".
 
ئەم هەڵسوکەوتەی درێشڵت شەپۆلێکی تووڕەیی لای ئەو یاریزانە و یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیدا دروستکرد و دەستبەجێ دەستیانکرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو رۆژنامەڤانە.
 
ئەو یاریزانە بەتۆمەتی سووکایەتیکردن و ناوزڕاندن و هاندانی فیتنە، لای داواکاریی گشتی بەرلین سکاڵای تاوانکاری لە دژی ریشڵت تۆمارکرد، هەروەها یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا سکاڵای تۆمارکرد و تویتەکەی ریشێڵتی وەک وتارێکی هاندان بۆ گیانی رق و کینە بۆ داواکاریی گشتی ناردووە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی لە ئەڵمانیا، رایگەیاندووە "پێویستە پەنجەی یەکتاپەرستی وەک بڕیاردان لەسەر بڕوابوون بەخوا تێبگەین، نەک وەک ئەوەی دێرێشڵت باسی کردووە".
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "بۆیە دەبێت ئەو جوڵەیەی رۆدیگێر وا لێکبدرێتەوە کە هیچ کێشەیەکی نییە سەبارەت بە سەلامەتی گشتی، ئەمە بە چاوپۆشین لە خراپ بەکارهێنانی ئەم هێمایە لەلایەن گرووپە ئیسلامییەکانەوە بۆ مەبەستی خۆیان".
 
رۆدیگێر، کە ئێستا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و بووەتە بەرگریکارێکی سەرەکی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ریال مەدرید، زۆرجار وێنەکانی خۆی و ئەرکە ئاینییەکانی وەک بەڕۆژووبوون و خوێندنەوەی قورئان لە پلاتفۆرمەکانی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە