ئەو یاریزانە کوردەی بە تورکیای گوت "من کوردم" بەشداری لە یۆرۆدا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دێنیز ئونداڤ، ئەو یاریزانە کوردەی لە روهای باکووری کوردستانەوە گەیشتە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و دەیەوێت بەشداری لە یارییەکانی یۆرۆی 2024ـدا بکات.
 
ئونداڤ، تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، ئەو ئێستا یەکێکە لە هێرشبەرە هەرە دیارەکانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات.
 
پێشتر ڤیچێنزۆ مۆنتێلا، راهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا پەیوەندیی بەو یاریزانەوە کردبوو بۆ ئەوەی یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە بکات، بەڵام ئونداڤ ئەو داواکارییەی رەتکردەوە.
 
ماڵپەری فۆتۆسپۆری تورکی هەواڵێکی لەبارەی ئەو هێرشبەرە کوردەوە بڵاوکردبووە و رایگەیاند "دێنیز ئونداڤ بەهۆی ئەوەی بەڕەچەڵەک کوردە، هەڵبژاردەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئەو بەردەوامە لە راکێشانی هەست و سۆزەکان لە شتوتگارت."
 
دوای ئەوە هێرشبەرەکە بە ئاستە بەرزەکەی توانیی یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەلای خۆیدا رابکێشێت و ئونداڤ بۆ یەکەمجار بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بانگهێشتکرا.

 
لە یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە یارییەکە لە شاری لیۆن بەڕێوەچوو، دێنیز یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاوە ئەنجامدا، هەرچەند وەکو یاریزانی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا کرد، بەڵام ئاستێکی باشی پێشکێشکرد و نزیکبوو گۆڵێک تۆماربکات.
 
پێشتر لەبارەی ئەگەری بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دێنیز ئونداڤ گوتبووی "ئەمە بۆ من زۆر مانای هەیە، ئەمە تاکە شتە کە لە ژیانی وەرزشیمدا نەمبینیووە، ئەویش یارییکردنە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی، چی لەوە باشترە کە بۆ وڵاتەکەت یاریی بکەیت؟ شانازی بەوەوە دەکەم."

 
لە کاتی بانگهێشتکردنیشی بۆ ریزەکانی ئەو هەڵبژاردەیە دێنیز ئونداڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەڵمانیا بۆ من و ماڵباتەکەم هەمیشە بژاردەی یەکەم بووە، تەنیا چاوەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بووم، پەیوەندییەکی زۆرباشم لەگەڵ تورکیا نییە، تورکیا بۆ من پلانی دووەم بوو."
 
بەڕەچەڵەک لە کوردانی ئێزیدی روهایە
 
دێنیز ئونداڤ، بەڕەچەڵەک لە بنەماڵەیەکی کوردانی ئێزیدیی خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، ئەو لە 19ـی 7ـی 1996 لە شاری ڤارێل لە ئەڵمانیا لە دایکبووە.
 
سەرەتای دەرکەوتنی ئەو وەکو یاریزانی تۆپی پێ لە تیپی لاوانی ئاچیم بووە لە ساڵی 2002 و تاوەکو 2006 لەو تیپەدا یارییکردووە، دوای ئەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە 2007ـەوە چووە ریزەکانی تیپی لاوانی یانەی ڤێردێر برێمەن و دوای ئەوەش لەسەر ئاستی لاوان بۆ هەردوو یانەی وەیهێ و هاڤێلسێ یارییکردووە.
 
یەکەم دەرکەوتنی هێرشبەرە کوردەکە وەکو یاریزانی پیشەگەر لە ساڵی 2015 بوو لە یانەی تی ئێس ڤی هاڤێلسێ کە تاوەکو 2017 لەو یانەیە یارییکردووە.
 
دوای وە بۆ وەرزێک دێنیز ئونداڤ کاروانەکەی گواستەوە یانەی ئینتراخت براونشڤیگ، کە ئێستا یوسف ئەمین، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەو یانەیە یاریی دەکات.


ئاستی ئونداڤ ساڵ لە دوای ساڵ پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینی، لە ساڵی 2018 گرێبەستی لەگەڵ یانەی مێپان واژۆکرد، لەو یانەیەدا لە 69 یارییدا 23 گۆڵی تۆمارکرد و ئەمەش سەرجەنی یانەی سانت جیلوازی بەلجیکیی راکێشا و هەر زوو یانەکە گرێبەستێکی بە 800 هەزار یۆرۆ لەگەڵ هێرشبەرە کوردەکە واژۆکرد.
 
ئاستبەرزیی یاریزانەکە لە بەلجیکا بووە هۆکاری ئەوەی یانەی برایتنی ئینگلیزی بەشێوەی خواستن یاریزانەکە بباتە ریزەکانی و دوای ئەوەش لە ساڵی 2022 بەرامبەر 8 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ یاریزانەکە واژۆکرد.
 
ئونداڤ ئێستا یاریزانی یانەی برایتنی ئینگلیزییە و بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی دەکات و یەکێکە لە گۆڵکارە دیارەکانی خولی ئەڵمانیا.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ساڵی رابردوو حەمید ئالتینتۆپ و ستیفان کۆنتەر، وەکو نوێنەری هەڵبژاردەی تورکیا چوونەتە ئینگلتەرا بۆ ئەوەی دێنیز ئونداڤ رازیبکەن، یاری بۆ هەڵبژاردەی تورکیا بکات، بەڵام ئونداڤ داواکارییەکەی رەتکردوونەتەوە و پێیگوتوون "من کوردم."
 
ئاستبەرزیی دێنیز ئونداڤ
 
هێرشبەرە کوردەکەی یانەی شتوتگارت و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەم وەرزەدا لە بوندێسلیگادا 22 یاریی بەدرێسی یانەی شتوتگارتەوە ئەنجامداوە، 14 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە، 7 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە، 1411 خولەک یارییکردووە و رۆڵێکی گەورەی بینیووە لەوەی یانەکەی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە بێت و رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بکات.

 
ئەگەر لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا، یاریزانەکە نەگەڕێتەوە یانەی برایتنی ئینگلیزی، دەکرێت وەرزی داهاتوو هێرشبەرە کوردەکە بەدرێسی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانییەوە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بکات.
 
گرێبەستی ئونداڤ لەگەڵ یانەی برایتن تاوەکو ساڵی 2026ـە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 15 ملیۆن یۆرۆیە و نرخی ئێستاشی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 17 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئونداڤ چاوی لە یۆرۆیە
 
دێنیز ئونداڤ، ماوەیەکی درێژ چاوەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو، تاوەکو یاریزانەکە بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشتکرا، دواجار خەونی یاریزانەکە بووەوە راستی و بەدرێسی ئەڵمانیاوە دەرکەوت.
 
ئەمشەو کاژێر 22:45 لە فرانکفۆرت، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە دووەم یاریی دۆستانەی ئەم هەفتەیەدا میوانداریی هۆڵەندا دەکات و ئونداڤ دووەم یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامدەدات.
 
خەونی گەورەی یاریزانە کوردەکە ئەوەیە، لە هاوینی داهاتوودا لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024ـدا بکات، ئەوەشی هەلی یارییکردنی ئەو یاریزانە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا زیاتر دەکات، ئەوەیە نایگێلسمان رایگەیاندبوو، بەشی زۆری ئەو یاریزانانەی ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاریی دەکەن، بۆ یۆرۆی 2024 نوێنەرایەتیی ئەڵمانیا دەکەن.

 
ئەو یارییەی دێنیز ئونداڤ، بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاوە بەرامبەر فەرەنسا ئەنجامیدا، بووە یەکەم یاریی یاریزانەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێشتر هەرگیز یاریزانەکە یاریی بۆ هیچ هەڵبژاردەیەک لەسەر هیچ ئاستێک ئەنجامنەداوە.
 
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە 14-6-2024 دەستپێدەکەن و تاوەکو 14-7-2024 بەردەوامدەبن، یارییەکانی لە 10 شاری جیاوازی ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێن و مانشافت دەیەوێت لەنێو خاک و هاندەرانیدا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.