ڤیدیۆ؛ یەکەم و دووەمی جیهان دەرکران

26-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئیگا شیڤیاتیک
ئیگا شیڤیاتیک
نیشانەکردن ئیگا شیڤیاتیک تێنسی مەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قۆناخێکی هەستیارە و کاتی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکانە، ئیگا شیڤاتیکی پۆڵەندی و یەکەمی جیهان بەرامبەر ئیکاترینا ئەلیکساندرۆڤای رووسی و چواردەیەمی جیهان یاریی دەکات، رکابەرییەکە قۆناخی شازدەی تێنسی مەیامییە.
 
یارییەکە بەهێزەوە دەستیپێکرد، تێنسزانە رووسییەکە هەمووانی سەرسامکرد، کاتێک کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش چوار تەواوکرد و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، سوپرایزە گەورەکە روویدا، ئەلیکساندرۆڤا بە شەش دوو ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە و پێشەنگی ریزبەندی جیهانی دوورخستەوە و گەیشتە قۆناخی هەشت، رکابەری داهاتووی ئەلیکساندرۆڤا، جێسیکا پیگولای ئەمریکی دەبێت.
 
سەرکێشییەکانی کارۆلین گارسیای فەرەنسی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەردەوامن، ئەمجارە کوکۆ گاوفی ئەمریکی و سێیەمی جیهانی لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە.
 
گارسیا بە ئاستێکی بەرزەوە چووە نێو رکابەرییەکە، هەر زوو کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردەوە.
 
کۆمەڵەی دووەم بە شەش یەک بۆ گاوف تەواو بوو و یارییەکە چووە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، تێنسزانە فەرەنسییەکە ئاستبەرزەکەی گەڕاندەوە و بە شەش دوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە ئاهەنگگێڕانەوە گەیشتە قۆناخی هەشت و بەرامبەر دانیێلی کۆلینسی ئەمریکی یاریی دەکات.
 
لە یارییەکی سەرنجڕاکێشی ئاستی پیاواندا، کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی و سەرکەوتنی بەرامبەر گایل مۆنفیسی فەرەنسی بەدەستهێنا.
 
ئەلکاراز کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش دوو تەواوکرد و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، تێنسزانە فەرەنسییەکە هیچی نەکرد جێگەی سەرنج بێت، رکابەرییەکە بە شەش چوار لە بەرژەوەندی ماتادۆر تەواو بوو، ئەلکاراز گەیشتە قۆناخی شازدە و بەرامبەر لۆرێنزۆ موسێتی ئیتاڵی یاریی دەکات.
 
ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی بە زەحمەت شوێنی خۆی لە قۆناخی شازدە کردەوە، کاتێک بەرامبەر کریستۆفەر یوبانکسی ئەمریکی یارییکرد.
 
یارییەکە لە کۆمەڵەی یەکەمدا رکابەرییەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینی و زڤێرێڤ لە تای برێکدا بە حەوت شەش پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، تێنسزانە ئەمریکییەکە هەوڵی زۆردا بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە، بەڵام تێنسزانە ئەڵمانییەکە و چوارەمی ریزبەندی باشترینەکانی جیهان ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش سێ بردەوە و بە کاژێرێک و 44 خولەک خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
 
لە یاریی داهاتوودا زڤێرێڤ بەرامبەر کارین خاشانۆڤی رووسی یاریی دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە