ڤیدیۆ؛ ڤینیسیۆس گریان و چەپڵە و خۆبەدەستەوەنەدانی تێکەڵ بەیەکدی کرد

رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی دۆستانەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا خۆی بۆ نەگیرا و بەکوڵ گریا، کاتێک چەند پسیارێکیان سەبارەت بە رەگەزپەرستی لێکرد، هەموو ئامادەبووانی نێو هۆڵەکە چەپڵەیان بۆ لێدا، ئەویش دووپاتیکردەوە کە خۆی بەدەستەو نادات و بەردەوام دەبێت لە یاریکردن و گۆڵ کردن بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانی.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی ڤینیسیۆسە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا:
 
من  لە هەر یارییەکدا بە تەواوی سەرنجم لەسەر یارییەکە دەبێت، بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێکم لەپێناو تیپەکەمدا بخەمەگەڕ، بەڵام هەمیشە ناتوانی ئەوە بکەی، پێویستە هەموو رۆژێک سەرنجێکی زۆرم هەبێت...... ببوورن، تەنیا دەمەوێت یاری تۆپی پێ بکەم، دەمەوێت یاری بکەم تەنیا تۆپی پێ. تەنیا دەمەوێت هەموو شتێک بکەم کە لە توانامدا بێت بۆ تیپەکەم و بۆ خێزانەکەم....... 
 
بێگومان پێویستیم بە پێشکەوتن و باشتربوون هەیە، بەڵام تەمەنم تەنیا 23 ساڵە، ئەمەش پرۆسەیەکی سروشتییە، وانییە؟ من لە تەمەنێکی بچووکدا لە بەرازیلەوە گەیشتمە ئیسپانیا، و توانای فێربوونی زۆر شتم دەربارەی رەگەزپەرستی نەبوو، بەڵام بەردەوامم لەوە، تەنانەت هەندێک کەس لێرە دەڵێن کە ناتوانم بخوێنم یان فێربم. ئەوەی بەسەرمدا دێت ئەوەیە کە هەموو رۆژێک هەست بە دڵتەنگی دەکەم، هەموو رۆژێک هەست دەکەم ئارەزوو، و ئامادەییم بۆ یاریکردن کەم دەبێتەوە، بەڵام دەبێت بەردەوام بم لە تێکۆشان.
 
هەرگیز بیرم لە رۆیشتن نەکردووەتەوە، چونکە ئەگەر رۆیشتم ئەو شتە دەدەم بەو رەگەزپەرستانەی کە دەیانەوێت، بۆیە لێرە دەمێنمەوە، شەڕ دەکەم، لە باشترین یانەی جیهان یاری دەکەم، نازناوەکان بەدەستدەهێنم، گۆڵی زۆر تۆماردەکەم، دەبێت رووخسارم زیاتر ببینن، چونکە گەشە دەکەم و یاری تۆپی پێ دەکەم و خۆشی بۆ گەلەکەم دەهێنم.
 
خەونێک دەبێت کە بتوانم لەسەر یاریگەی بێرنابیۆ، یاریگەی خۆم لە ئیسپانیا بە درێسی بەرازیلەوە یاری بکەم، هەمیشە خەونم پێیەوە بینیوە، ئەمە یەکەمجارە. بۆیە رووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ دوو لە گەورەترین هەڵبژاردەکانی جیهان. ماوەیەکی زۆرە بەرامبەر یەکدی یارییان نەکردووە. خەڵکی حەزدەکەن بەرامبەر باشترینەکان یاری بکەن.