پێدری: کەس نازانێ لە داهاتوودا چی روودەدات


رووداو دیجیتاڵ

پێدری، یاریزانی بارسێلۆنا، نیازی خۆی بۆ مانەوە لە یانەی بارسێلۆنا راگەیاندووە، بەڵام ئەوەش بەدوور نازانێت کە رۆژێک لە رۆژان بچێتە پرێمەرلیگ.
 
پێدری گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو ساڵی 2026 هەیە، نایەوێت لەم کاتەدا بیر لە بەجێهێشتنی بارسا بکاتەوە.
 
پرسیار لە پێدری کراوە لەبارەی ئەگەری یاریکردن لە ئینگلتەرا، ئەو دەڵێ، "لەم ساتەدا نەخێر.. من لە بارسێلۆنام و هیوادارم بۆ چەندین ساڵی دیکەش لێرە بمێنمەوە".
 
گوتوویەتی، "حەزم لە خولی ئیسپانیایە، بەڵام نابێ هیچ شتێک بەدوور بگریت و دەکرێ هەموو شتێک رووبدات".
 
پێدری، بەشداریی هەردوو یاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ بەرامبەر نەرویج و سکۆتلەندا ناکات. ماوەیەکی بەرچاوە تووشی پێکان بووە و لە یارییەکانی بارسێلۆناش دابڕاوە.
 
پێدری چاوی لەوەیە سەردەمی نوێ لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەگەڵ لویس دی لافوێنتێی راهێنەردا دەستپێبکات.
 
ئەو راهێنەرە پێشتر مەشقی بە پێدری داوە کاتێک راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار تەمەنی 21 ساڵ بوو و بەشدارییان لە ئۆڵەمپیادی تۆکیۆ کرد. پێدری پێیوایە ئەو راهێنەر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرکەوتوو دەبێت.
 
پێدری دەڵێ، "دی لا فوێنتێ راهێنەرێکە هەل دەقۆزێتەوە، حەزی بە کارکردن لەسەر ئەو شتانە هەیە کە باوەڕی پێیانە، پێموایە ئەو کارێکی باش ئەنجامدەدات".
 
لەبارەی شێوازی یاریکردن لەگەڵ دی لافوێنتێ، پێدرێ دەڵێ، "هەر راهێنەرێک بێتە هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەوڵدەدات پشت بە شێوازی کۆنترۆڵکردنی تۆپ ببەستێت، ئەمەش لەبەر کوالیتی ئەو یاریزانانەی لە هەڵبژاردەکەدا هەن، پێموایە ئەمە لەگەڵ دی لافوێنتێشدا ناگۆڕێت".