ڤیدیۆ؛ بەڕۆژووبوون ئاستی باشتر دەکات.. کەریم بنزیما چۆن رەمەزان بەسەردەبات؟

26-03-2023
ئیحسان تاهیر
کەریم بنزیما
کەریم بنزیما
نیشانەکردن کەریم بنزیما مانگی رەمەزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی لە ئاستێکی بەرزدا یاری دەکەن، بەڵام زۆربەی یاریزانە موسڵمانەکان حەزدەکەن لە مانگی رەمەزاندا بە باشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. هەمیشە هەوڵدەدەن وا نیشان بدەن کە بەڕۆژووبوون کار لە ئاستیان ناکات لەنێو یاریگەدا.
 
یەکێک لە دیارترین ئەستێرە نێودەوڵەتییەکان کە هەموو ساڵێک بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە مانگی رەمەزان و ڕێوڕەسمەکانی دەکات، کەریم بنزیما، هێرشبەری پێشووی  هەڵبژاردەی فەرەنسا و کاپتنی ئێستای یانەی ریال مەدریدە.
 
ئەو یاریزانە تەمەنی 35 ساڵە و بەڕەچەڵەک جەزائیرییە، بەو پێیەی باوکی لە شاروچکەی بێجایای سەر بە شاری قەبائیل لەدایکبووە، لە کاتێکدا واحیدای دایکی  خەڵکی وەهرانە.
 
کەریم بنزیما، لە مانگی رەمەزاندا پابەندبوونێکی گەورەی بە ئایینەوە نیشان دەدات، تەنانەت وا نیشاندەدات کە حەزی لە پەیڕەوکردنی سوننەتی پێغەمبەرە، سەلامی خوای  لەسەر بێت، ئەو هەمیشە لە کاتی بەربانگدا رۆژووەکەی بە خواردنی شیر لەگەڵ سێ دەنکە خورما دەشکێنێت.
 
یاریزانی پێشووی یانەی لیۆنی فەرەنسی، کە هەمیشە شانازی بە موسڵمانیی خۆی دەکات،  بە درێژایی مانگی رەمەزان پابەندە بە لەبەرکردنی دشداشە و عەبای عەرەبی، ئەوە هەنگاوێکە لەوەوە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە پابەندبوونی خۆی بە نەریتە ئیسلامییەکان پشتڕاست بکاتەوە.
 
باوکی ئیبراهیم، سوورە لەسەر ئەوەی کە بەڕۆژووبوون نەک هەر کاریگەری خراپی بەسەر ئاستی مەشق و یاریکردنییەوە نییە، بەڵکو باشتری دەکات، ئەو لە لێدوانەکانیدا  دەڵێت "رۆژووبوونی مانگی رەمەزان کاریگەری لەسەر ئاستم نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەستێکی نایابم پێدەبەخشێت".
 
خاوەنی دوایین باڵۆن دۆر، بەشێوەیەکی روونتر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مانگی رەمەزان تێکەڵ بە خوێنی بووە و ناتوانێت لێیجیابێتەوە، ئەو دەڵێت "مانگی رەمەزان کاریگەری لەسەر مەشقی رۆتینیم نییە، رەمەزان بەشێکە لە ژیانم و ئایینەکەم داوا لێدەکات پابەندبم بە هەموو بنەما و رێنماییەکانی".
 
کەریم کە لەنێو هەوادارنی موسڵماندا بە حاجی کەریم ناودەبرێت، لەوەش زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە رەمەزان و بەڕۆژووبوون هێزی زیاتری پێدەدەن و دەڵێت "بەڕۆژووبوون هیچ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر تەندروستیم نییە. رەمەزان بەشێکە لە ژیانم. بۆ من گرنگە و هەست بە باشی دەکەم کاتێک بەڕۆژوو دەبم".
 
لەوانەیە وا هەست بکەی کە کەریم لە روانگەیەکی سۆزەوە بۆ ئایینەکەی بەمشێوەیە قسە دەکات، بەڵام ئەگەر ئاوڕدانەوەیەک لە ئامارەکانی کەریم لە مانگی رەمەزاندا بکەین، ئاست و ژمارەی گۆڵەکانی گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن کە بنزیما لە کاتی بەڕۆژووبوون باشتر یاری دەکات.
 
ئەو لە مانگی رەمەزاندا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە، لە ماوەی ئەو 7 یارییەی کە وەرزی رابردوو، لە  لە مانگی رەمەزاندا لە خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگدا ئەنجامیداون 8 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
کەریم لە لە مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوودا، لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی هەشتدا 4 گۆڵی بەرامبەر یانەی چێڵسی تۆمارکرد.
 
هەروەها لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتاییدا، کە ئەویش لە رەمەزاندا بوو، دوو گۆڵی بەرامبەر مانچێستەر سیتی تۆمارکرد، کە دیارترین رکابەری ریال مەدرید بوو لەسەر نازناوەکە.
 
لەسەر ئاستی لالیگاشدا، دووەم باشترین گۆڵکاری مێژوویی ریال مەدرید، لە مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوودا سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی دوو گۆڵ، کە یەکێکیان  بەرامبەر سێڤییا بوو، یەکێکیشیانی دژی ئیسپانیۆل تۆمارکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە