شەڕی نێوان ئیکاردی و واندا بەردەوامە

26-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماورۆ ئیکاردی واندا نارا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماورۆ ئیکاردی، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی گالاتاسەرای تورکی و واندا نارای هاوژینی پێشووی جارێکی دیکە سەرنجی خەڵکیان راکێشا، دوای ئەوەی دووەمیان داوای قەرەبوویەکی دارایی گەورەی کرد کە بەهۆیەوە دەتوانێت بەشێکی زۆری سامانی یاریزانەکە بخاتە مەترسییەوە، کە بە 20 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
ڕۆژنامەی کۆریێر دێلا سێرای ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە رۆژی 11ـی ئادار لە شاری میلانۆ یەکەمین دانیشتنی جیابوونەوەی نێوان هەردوولا بەڕێوەبچێت.
 
ململانێ لەسەر سەروەت و سامان
 
پەیوەندی نێوان ئیکاردی و واندا لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا بەفەرمی کۆتاییهات. واندا لە رێگەی بڵاوکراوەیەکەوە جیابوونەوەی لە ئیکاردی راگەیاند کە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە، بەڵام هێشتا شەڕی یاسایی نێوانیان لە قۆناخی سەرەتاییدایە.
 
واندا داوای یەکلاییکردنەوەی کێشە داراییەکانی لەگەڵ یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دەکات، لەنێویاندا بڕە پارەی خەرجی مانگانە بەبڕی 500 هەزار یۆرۆ، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام پێبدرێت.
 
هەروەها واندا دەیەوێت کۆشکی ئیکاردی لە میلانۆ، کە یەکێکە لە دیارترین سامانەکانی لە بواری خانووبەرە بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی ڤێلایەکی گەورە بێت لەسەر دەریاچەی کۆمۆ کە یەکێکە لە گرنگترین موڵکەکانی یاریزانەکە.
 
هەروەها واندا داوای سەرپەرشتیی تەواوی دوو کچەکەیان دەکات، بەمەش دەبێتە بەخێوکەری منداڵەکانی و بەپرسی تەواو لە پەروەردەکردنیان.
 
دەگوترێت واندا نارا بڕیاریداوە داهاتووی دارایی خۆی و منداڵەکانی مسۆگەر بکات، هەروەها هەوڵدەدات ئیکاردی باجی ئەو هەڵوێستەی بدات کە ساڵانێک بە خیانەت وەسفی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو قەیرانانەی کە بە بەردەوامی لە ژیانی هاوسەرگیرییاندا هەبوونە، کە 10 ساڵی خایاند.
 
ئیکاردی بەڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە وەڵامی دەداتەوە
 
ئیکاردی لەبەرامبەر ئەم داواکارییانەدا بێدەنگ نەبووە، چونکە ئەویش دەستیکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی یاسایی دژی واندا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە داوای لێسەندنەوەی پاسپۆرتی کچەکانی کردووە، دوای ئەوەی دایکی کچەکانیان بەبێ مۆڵەتی ئەو کچەکانی گواستووەتەوە بۆ ئەرجەنتین.
 
ئیکاردی هەروەها رێوشوێنی وای گرتووەتەبەر کە واندا دەستی بە کارتە بانکییەکان نەگات، ئەمەش هەنگاوێکە کە رەنگدانەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوانیان نیشان دەدات.
 
جگە لەوەش ئیکاردی رێکاری یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو کچە بۆ ئیتاڵیا دەستپێکردووە؛ ئەوان خاوەنی وڵاتینامەی ئیتاڵین، ئەمەش ناکۆکی نێوان ئەو دوو لایەنە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە